لیژنەیی یاسایی پەرلەمان یاسای ھاریکاری یاسایی تاوتوێ دەکات

لیژنەی یاسایی پەرلەمان بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار ڕێبوار ھادی سەرۆکی لیژنەو بەئامادەبوونی ئەندامانی لیژنە، ئەمڕۆ چوارشەممە، میوانداری نوێنەرانی ھەریەک لە ئەنجومەنی دادوەری و ئەنجومەنی دەوڵەت و سەندیكای پارێزەرانی کرد، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرۆژەی‌ یاسای ھاریکاری یاسا.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ماددەو بڕگەکانی یاساکە کرا، لەوانە ئامانجەکانی پشت یاساکە، کە بریتین لە پێشکەشکردنی ڕاوێژکاری یاسایی، یان ئامادەبوون لە بەردەم دادگاکان بۆ ئەوانەی کە یاساکە دەیانگرێتەوە، ھەروەھا جگە لە بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری یاسایی و ڕێنوێنیکردنی ھاوڵاتی بۆ زانینی مافە یاساییەکانی.
پاشان گفتوگۆ کرا لە سەر دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی کە یاساکە دەیانگرێتەوەو پێویستیان بە ھاریکاری یاسایی ھەیە، ھەروەھا میکانیزمەکانی کاری سەنتەری ھاریکاری یاسایی و گرێبەستکردن لە گەڵ پارێزەران.
ھەر لەسەر ھەمان تەوەر، لیژنەکە گوێی بۆ ئەو تێبینی و پێشنیازانە گرت، کە لەلایەن نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکان پێشکەشکرابوو، بۆ پێگەیشتنی دیدگاکان سەبارەت بە پرۆژەی‌ یاساکەو جەختکردنەوە لە پێشکەشکردنی کۆتا سەرنج و تێبینیەکان لە ماوەی ھەفتەیەکدا، ئەوەش لەپێناو تەواوکردنی ڕێکارەکانی دەرکردنی یاساکە.

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٣/٩/١٣