لیژنه‌ی‌ ھەرێم و پارێزگاکان کۆبوونه‌وه‌ی‌ ئاسایی خۆی‌ ده‌به‌ستێت

بە سەرۆکایەتی شێخ وەصفی ئەلعاصی سەرۆکی تەمەن و ئامادەبوونی ئەندامان، لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٧/١١/٢٠٢٢ کۆبونەوەی ئاسایی خۆی‌ به‌ست، بۆ تاوتوێكردنی‌ ئەو بڕگەو بابەتانەی کە لە خشتەی کارەکانیدا ھاتبوون.

لە کۆبونەوەکەدا کە لە بارەگای لیژنە لە ئەنجومەنی نوێنەران به‌سترا، تاوتوێی چەند پرس و بابەتێک کرا لەوانە ھەمواری یاسای کارپێکراوی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەگەری زیادکردنی چەند بڕگەیەک لەیاساکەدا بە ھەماھەنگی لە گەڵ لیژنەی یاسایی پەرلەمانی، ھەروەھا کاراکردنی ڕۆڵی چاودێری بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران.

له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌ بەڕێز ڕائید ساھی دلێمی ڕاوێژکاری ئەنجومەنی نوێنەران بۆ کاروباری ھەرێم و پارێزگاکان کە ئامادەی کۆبونەوەکە بوو، باسی لە گرنگی پێکھێنانی لیژنەیەک لە کەسانی پسپۆڕو تایبەتمەند کرد لە بوارەکانی یاساو ئیدارەو بواری دارایيدا، بە مةبةستى ئامادەکردنی ڕەشنوسی ھەمواری یاسای کارپێکراوی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان.

لە کۆتایی کۆبونەوەکەدا شێخ وەصفی عاصی تیشکی خستەسەر ئەو بابەتەی کەوا پێویستە پەرلەمانتاران لە پارێزگاکانی خۆیان ئەرکی سەرپەرشتی و جاودێریی ببینن بە سەر کاری پارێزگارەکانەوە، رونیشیكرده‌وه‌ كه‌ ئەم بابه‌ته‌ پاش کۆبونەوەی لە گەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران جەختی لێکراوەتەوە.
شایه‌نی‌ باسه‌ كه‌ بڕیارە لەم ھەفتەیەدا لیژنەکە میوانداری سکرتێری دەستەی ھەماھەنگی بۆ ھەمواری پرۆژەیاساکە بکات.

 

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٧ ی نۆڤەمبەری٢٠٢٢