دكتۆر شاخەوان عەبدوڵا بەتوندی ئیدانەی هێرشە موشەكییەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر دەكات لە قەزای چەمچەماڵ و، بەرپرسیارێتییەكەی دەخاتە ئەستۆی حكومەتی فیدراڵ، ڕەخنەشی لێدەگرێت لەبەرامبەر كۆنتڕۆڵنەكردنی چەكی بەڕەڵاو ڕێگریكرنەكردن لە هێرشەكان بۆ سەر دامەزراوە ژیاری و گرنگەكان

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبەیاننامەیەكدا، بەتوندی ئیدانەی هێرشە مووشەكییەكەی ئەم دواییە بۆ سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر دەكات لە قەزای چەمچەماڵ لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە، كە زیانی لەڕووی ئاسایشی و مەعنەوییەوە بەهەرێمی كوردستان گەیاندووە، دووبارە بوونەوەی ئەو دەستدرێژییانەشی بۆ سەر كێڵگە نەوتی و غازییەكان بە پێشێلكارییەكی ئاشكراو ڕەتكراوە وەسف دەكات، كە دەست بۆ ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی كوردستان دەبات و، ناكری بێدەنگی لێبكرێت، بە پێویستیشی دەزانێت حكومەتی فیدرال بەرپرسیارێتی ئەو پێشێلكارییانە لەئەستۆ بگرێت.

دكتۆر شاخەوان عەبدوڵا، ڕەخنەی لەڕێوشوێنەكانی حكومەتی فیدڕاڵیش گرت، بەهۆی ڕێگرینەكردنی لە بەردەوامیی دەستدرێژییەكان و هێرشە موشەكییەكان بۆ سەر دامەزراوە ژیاری و گرنگەكان، كە بەرپرسیاررێتی ئاسایش و سەقامگیری لەسەرجەم ناوچەكانی عێراقی لەئەستۆدایە، بەڵام بەداخەوە نەیتوانیوە چەكی بەرەڵا بخاتە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆی و لێپرسینەوە لە گروپە چەكدارە ناڕێكخراو و لەیاساكان دەرچووەكان بكات، ئەو گروپانە هێشتا بەوپەڕی ئازادییەوە جموجۆڵ دەكەن لەناوچەكە و چالاكی نایاساییان هەیە، هاوكات لێژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانیشی ڕاسپارد لێكۆڵینەوەی بەپەلە ئەنجامبدەن و، هۆكاری دووبارە بونەوەی ئەو تاوانكارییانە بۆ سەر كێلگە نەوتییەكانی هەرێم و، لێنەپرسینەوە لە بكەری ئەو هێرشە مووشەكییانە ڕونبكەنەوە.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
یەك شەممە 26ی حوزەیرانی 2022