دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا به‌شداری‌ كۆنگره‌ی‌ ساڵانه‌ی بانكیی عێراقی‌ ده‌كات و، جه‌خت دەکات هاوكاری‌ نێوان بانكی‌ ناوه‌ندی‌ و هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌بێته‌مایەی پته‌وكردنی‌ هاوبه‌شیی‌ و پشتیوانی‌ هه‌وڵەکانی به‌دیهێنانی‌ په‌ره‌پێدانی‌ ئابوری‌ ده‌كات

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، به‌ئاماده‌بونێكی‌ فه‌رمی‌ گه‌وره‌، به‌شداری‌ مه‌راسیمی‌ ده‌ستپێكردنی‌ كارو چالاكییه‌كانی‌ كۆنگره‌ی‌ ساڵانه‌ی‌ بانكیی عێراقی‌ كرد ، كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 21/10/2021، له‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو ، به‌ئاماده‌بوونی‌ رێزدار مه‌سرور بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و عه‌لی‌ عه‌لاق، پارێزگاری‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق و، به‌شداریكردنی‌ ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ فیدڕاڵی‌ و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و ، به‌ڕێوبه‌رانی‌ بانكه‌كان له‌عێراق و وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كان و خاوه‌نكار و وه‌به‌رهێنه‌ران.

دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا، له‌ لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا، ئاماژه‌یدا به‌ گرنگی‌ به‌رده‌وامی‌ بانكه‌كان له‌ پشتیوانكردنی‌ پرۆژه‌ی ئابورییەکان و گه‌شه‌پێدان و ، به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ كواڵێتی‌ خزمه‌تگوزارییه‌ بانكییه‌كان كه‌پێشكه‌شی‌ هاوڵاتیان ده‌كرێت.

جه‌ختیشيكرده‌وه‌، هاوكاری‌ و هه‌ماهه‌نگی‌ نێوان بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق و هه‌رێمی‌ كوردستان ، ده‌بێته‌ مایەی پته‌وكردنی‌ هاوبه‌شیی‌ و پشتیوانی‌ هه‌وڵەکانی به‌دیهێنانی‌ په‌ره‌پێدانی‌ ئابوری‌ و سه‌قامگیری‌ دارایی‌ له‌سه‌رتاسه‌ری‌ وڵات .

نوسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق

شه‌ممه‌ 21 ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2023