ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی سێ‌ یاسا تەواو دەكات

ئەنجومەنی نوێنەران ڕۆژی شەممە, دانیشتنی بیست و یەكەمینی بەسەرۆكایەتی بەڕێز محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەن ڕێكخست, بۆ خوێندنەوەو تاوتوێكردنی سێ‌ پڕۆژە یاسا.
لەسەرەتای دانیشتنەكەدا, ئەنجومەن دەنگدانی لەسەر پڕۆژە یاسای دەستەی نیشتمانی بۆ چاودێری ئەتۆمی و تیشكیی و كیمیایی و بایۆلۆجی دواخست, كە لەلایەن هەردوو لیژنەی تەندروستی و ژینگەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیەوە پێشكەشكرا, لەسەر داوای 58 پەرلەمانتار.
ئەنجومەن, خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژە یاسای چوونە پاڵی عێراق بۆ پەیماننامەی مەراكیش كرد بۆ جێبەجێكردنی پۆلێنكراوە بڵاوكراوەكان لەبەرژەوەندی ئەو كەسانەی چاویان لەدەستداوە یاخود كەمئەندامی چاویان هەیە یاخود كەمئەندامی تریان هەیە لەخوێندنەوەی چاپكراوەكان, كە لەلایەن لیژنەی پەیوەندیەكانی دەرەوە پێشكەشەكرا.
ئەنجومەن, خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژە یاسای هەمواری دووەمی یاسای نوسینگەی خزمەتگوزاریە زانستی و ڕاوێژكاریەكان لەدامەزراوەكانی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ژمارە(7) بۆ ساڵی 1997 تەواوكرد, كە لەلایەن لیژنەی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیەوە پێشكەشكرا.
ئەنجومەن, خوێندنەوەی ڕاپۆرت و تاوتوێی پڕۆژەی بەكرێدانی زەوی كشتوكاڵی تەواوكرد, كە لەلایەن لیژنەی كشتوكاڵ و ئاو و زۆنگاوەكانەوە پێشكەشكرا.
لەلایەكی ترەوە, پەرلەمانتار مەحما خەلیل بەیاننامەیەكی خوێندنەوەو تیایدا ڕەتیكردەوە دەستدرێژی كرابێتە سەر مزگەوت لەلایەن پێكهاتەی ئێزدیەوە لەقەزای شەنگال, لای خۆیەوە بەڕێز شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی ئەنجومەن, هەردوو لیژنەی ئاسایش و بەرگری و ئەوقافی ئاینی ڕاسپارد, لێكۆڵینەوە لەو ڕوداوەی قەزای شەنگال بكەن.
دواتر بەڕێز حەلبوسی میوانداریكردنی ئەنجومەنی دەوڵەتی بۆ بەشداریكردن لەدانیشتنێكی ئاشكرای ئەنجومەنی نوێنەران ڕاگەیاند, لەسەر داوایەكی پێشكەشكراو لەلایەن 163 پەرلەمانتارەوە.

دواتر بڕیاردرا دانیشتنەكە بۆ ڕۆژی سێ‌ شەممەی داهاتوو هەڵبگیرێت.

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
29ی نیسانی 2023