لیژنەی یاسایی پەرلەمان چاویدەکەوێت بە نوێنەرانی خوێندکارانی بەشی یاسا

ئەمڕۆ یەکشەممە لیژنەی یاسایی بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار ڕێبوار ھادی سەرۆکی لیژنە و بەئامادەبوونی ئەندامان، چاویکەوت بە نوێنەرانی مامۆستاو خوێندکارانی بەشی یاسای کۆلێژی توراس.

لە دیدارێکدا سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی یاسایی بەخێرھاتنی میوانانیان کردو ئاماژەیان بەوەدا کە دەرگای لیژنەی یاسایی و ئەنجومەنی نوێنەران کراوەیە بەڕووی چین و توێژە جیاجیاکانی خەڵک و نوخبەی بوارە جیاجیاکان، بە مەبەستی باسکردن و ڕونکردنەوەی ئەرک و میکانیزمەکانی پەرلەمان و لیژنەکان، جەختشیان لە ئەجێندای یاسادانان لە قۆناغی ئێستادا کردەوە، کە خۆی دەبینێتەوە لە دەرکردنی ئەو یاسایانەی کە دۆخی ھاوڵاتی عێراقی بەرەو پێش دەبەن.
ھەر لەسەر ھەمان تەوەر لیژنەکە باسێکی دوورودرێژی سەبارەت بە میکانیزمەکانی بەڕێوەچوونی کاری یاسادانان لەناو لیژنەی یاسایی و پەرلەمان و جۆری ئەو یاسایانەی کە بۆ لیژنەکە نێردراون و کاریگەری دەرکردنی یاساکان و خستنەڕووی ئەرکی چاودێری لیژنەی یاسایی پێشکەشکرد.
لای خۆیانەوە ژمارەیەک لە خوێندکارە ئامادەبووەکان کۆمەڵێک پرسیاریان خستەڕوو سەبارەت بە یاسا دەرکراوەکان و ئەو یاسایانەی کە بەنیازن دەربکرێن.
لیژنەی یاسایی لە وەڵامی سەرنج و پرسیارەکانی خوێندکاراندا، ئاماژەی بەوەکرد کە بەم دواییە لیژنەکە ھەریەک لە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاکان و ژمارەیەک یاسای دیکەی تەواو کردووە. جگە لە ھەوڵەکانیان بۆ قۆناغی داھاتوو بەمەبەستی تەواوکردنی کۆمەڵێک یاسای گرنگ، لەوانەش یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەرو ئەنجومەنی فیدراڵی‌ و لێبوردنی گشتی، جگە لە یاسای دادگای فیدراڵی.

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٣٠/٤/٢٠٢٣