لیژنەی یاسایی پەرلەمان پێشوازی لە بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی جێبەجێکردن دەکات

لیژنەی یاسایی بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار ڕێبوار ھادی سەرۆکی لیژنەو بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی‌ لیژنه‌، ئەمڕۆ سێشەممە، پێشوازی لە بەڕێز بەشار ئەحمەد موحەمەد بەڕێوەبەری گشتی جێبەجێکردن لە وەزارەتی داد کرد، بۆ تاوتوێکردنی بابەتی دەرماڵەی فەرمانبەرانی فەرمانگەی جێبەجێکردن.
لەمیانی دیدارەکەدا، بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی جێبەجێکردن ئەو ھۆکارانەی کە بوونەتە ھۆی جێبەجێ نەکردنی بڕیاری ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٠٢ خستەڕوو، سەبارەت بە وەرگرتنی باربۆ بە ڕێژەی ٢٪‏ کە بەسەر فەرمانبەرانی فەرمانگەکانی جێبەجێکردندا وەک دەرماڵە دابەش ده‌کرێت، ھەروەھا بەشێکیش لەو ڕێژەیە بۆ پاڵپشتی ژێرخانی فەرمانگەکانی جێبەجێکردن لە ھەموو عێراق تەرخان ده‌کرێت.
لیژنەی یاسایی مکوڕبوونی خۆی لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی و کاریگەر و گفتوگۆکردن لەگەڵ لیژنەی دارایی دووپاتکردەوە، سەبارەت بە جێکردنەوەی پێشنیارێک لە بودجەی گشتی دا بۆ کاراکردنی وەرگرتنی ئەو بڕە ڕسوماتەو دابەشکردنی بەسەر فەرمانبەرانی فەرمانگەکانی جێبەجێکردندا، بەتایبەتی‌ لە کاتێکدا کە ئەو بابەتە ھیچ قورساییەکی زیادەی دارایی ناخاتە سەر بودجەی گشتی فیدراڵی.

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٣/٥/٢٣