لیژنەی یاسایی پەرلەمان بە ئامادەبونی وەزیری تەندروستی تاوتوێی ھەموارکردنی یاسای ماددەی ھۆشبەرو کارتێکەرە دەروونیەکان دەکات

لیژنەی یاسایی بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار ڕێبوار ھادی سەرۆکی لیژنە، ڕۆژی چوارشەممە بەھاوبەشی لەگەڵ لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمان، کۆبوونەوەیەکی لەھۆڵی دەستوری ئەنجومەنی نوێنەران به‌ست، بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازی ھەمواری یاسای ماددەی ھۆشبەرو کارتێکەرە دەروونیەکان ژمارە (٥٠) ساڵی ٢٠١٧.
لەدیدارێکدا بە ئامادەبوونی بەڕێز وەزیری تەندروستی و ئەندامانی دەستەی باڵای نیشتمانی بۆ کاروباری ماددە ھۆشبەرو کارتێکەرە دەروونیەکان، جەخت لە ھەبوونی گرفت لەیاسا بەرکارەکەو پێویستی چارەسەرکردنی کرا، بەو پێیەی کە یاساکە نەبۆتە ھۆی سنوردارکردنی زیادبوونی ژمارەی بەکارھێنەران و بازرگانانی ماددە ھۆشبەرەکان.
کۆبوونەوەکە جەختی لە پێویستی پشتیوانیکردن لە دەستەی باڵای نیشتمانی بۆ کاروباری ماددە ھۆشبەرو کارتێکەرە دەروونیەکان کردەوە، داواشیان لە وەزارەتی تەندروستی و لایەنە جێبەجێکارە پەیوەندیدارەکان کرد، پێشنیارەکانیان سەبارەت بە ھەموارکردنەوەی یاساکە پێشکەش بکەن.
لە کۆتاییدا ئامادەبووانی دیدارەکە ڕێکەوتن لەسەر پێکھێنانی تیمێکی کاری ھاوبەش کە لیژنەکانی یاسایی، تەندروستی، ئاسایش و بەرگری پەرلەمان لەخۆ دەگرێت بۆ چاوخشاندنەوە بە ھەموارکردنه‌وه‌ی یاساکە.

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٣/٥/١٢