لیژنەی کارەباو ووزەی پەرلەمانی میوانداری بریکاری وەزارەتی پلاندان و بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کارەبا دەکات

ڕۆژی سێ شەممە بەرواری ١٧/١٠/٢٠٢٢ لیژنەی کارەباو ووزە بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار داخل راچی‌ جێگری یەکەمی لیژنەو ئامادەبوونی ئەندامەکانی، میوانداری چەند بەرپرسێکی کرد لەوانە بریکاری وەزارەتی پلاندانان بۆ کاروباری ھونەری بەڕێز ماھیر حەمادو بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان و لێکۆڵینەوە لە وەزارەتی کارەبا بەڕێز عەمار موحەممەد کازم و بەڕێز مەھا حەمود عەبدولجەبار بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی وەبەرھێنان و گرێبەستەکان سەر بە وەزارەتی کارەبا.
لیژنە گوێی بۆ بۆچونەکانی وەزارەتی پلاندانان گرت تایبەت بە پاڵپشتی کردنی پلانی وەزارەتی کارەباو تەواوکردنی پرۆژەکانی وزەی گەرمی و بەربەستەکانی بەردەم جێبەجێ کردنی پرۆژەکان، ھەروەھا باس لە گرنگی ناچارکردنی دامودەزگاو فەرمانگە حکومیەکان کرا بە مەبەستی دانان و جێگیرکردنی سیستمی وزەی خۆر بۆ بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا.
پاشان لیژنە ڕاوسەرنجی وەزارەتی پلاندانانیان وەرگرت لسەر پرۆسەی پاڵپشتی دارایی بانکی تی بی ئای -TBI بۆ وەزارەتی کارەبا به‌ مه‌بەستی تەواوکردنی پرۆژەی غازیی ئاڵۆزی زیقار و سەماوە و گەیارە.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکە لیژنە جەختیان لە گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکانی پارێزگای کەرکوک کردەوە لە بواری وزەدا لە سێکتەرەکانی بەرھەمھێنان و گواستنەوەو دابەشکردن، ھەروەھا تەواوکردنی قۆناغی دووەمی پرۆژەی ( GE) بە مەبەستی سەر لەنوێ نۆژەنکردنەوەی تۆڕەکان لە ناوچە ئازادکراوەکان و دانانی ھێڵەکانی بەستنەوە تێیدا. لەکۆتاییدا ئاماژەکرا بە گرنگی پێدانی دەسەڵات بە وەزارەت لە ڕووی داراییەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی پرۆژە درێژخایەنەکان ھەموو ساڵێک بە پێی یاسای ئیدارەی دارایی بە شێوەی ١/١٢.

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
١٧ ی ئۆکتۆبەری٢٠٢٢