لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە پێشوازی لە باڵیۆزی ئوسترالیا دەكات بۆ تاوتوێكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان

پەرلەمانتار عامر فائز سەرۆكی تەمەن، ڕۆژی چوارشەممە پێشوازیكرد لە خاتو باولا گانلی باڵیۆزی ئوسترالیا لەعێراق و وەفدیكی هاوڕێی، بە ئامادەبونی پەرلەمانتار ئاریان عەزیز تاوەگۆزی سەرۆكی لیژنەی دۆستایەتی عێراقی ئوسترالی و ئەندامی لیژنە، بۆ تاوتوێكردنی پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات.

لەدیدارەكەدا كە لەبارەگای لیژنەكە بەڕێوەچوو، باس لە میكانیزمی هاوكاری هاوبەش كرا بۆ قۆناغی داهاتوو و پیشینەی كاری لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمان.

پەرلەمانتار عامر فائز ڕونیكردەوە، لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە كاردەكات لەسەر بنیاتنانی پردی پەیوەندی و هاوكاری لە بوارە جیاوازەكاندا بەوجۆرەی خزمەتی هەردوو وڵات دەكات لەرێی لیژنەی دۆستایەتی عێراقی ئوسترالی بە تایبەت كە لەئێستادا عێراق بە قۆناغی بنیاتناندا گوزەردەكات، ستایشی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتیشی كرد.

لای خۆیەوە، پەرلەمانتار ئاریان تاوەگۆزی تەئكیدی لە پێویستی كاراكردنی كاری لیژنەی دۆستایەتی پەرلەمانیی كرد بۆ هەماهەنگی و هاوكاری و هاندانی كۆمپانیاكانی ئوسترالیا بۆ كاركردن و وەبەرهێنان لەعێراق، بەتایبەت لە بوارەكانی كشتوكاڵ و ئاو و تەكنەلۆجیا.

لای خۆیەوە، باڵیۆزی ئوسترالیا ئاماژەی بەوەكرد، وڵاتەكەی لەم كاتەدا بایەخ بە هاوكاریكردن لەگەڵ عێراق دەدات لەسەر ئاستی بازرگانی و وەبەرهێنان لەبری هاوركاریكردن لە بواری سەربازی و هاوكارییە مرۆییەكان، كە لەماوەی ڕابردودا پێشكەشی كردووە، ئامادەیی حكومەتی وڵاتەكەشی پیشاندا بۆ هاوكاری و كاری هاوبەش لەسایەی فەراهەمكردنی ژینگەیەكی سەقامگیر بۆ وەبەرهێنان و دور لەگەندەلی كە ئەوەش هانی كۆمپانیا ئوسترالییەكان دەدات بۆ كاركردن لە عێراق.

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
1/6/2022