لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەران میوانداری باڵیۆزی ئوستورالیا لە عێراقدا دەكات بۆ تاوتوێی پەرەپێدانی كەرتی نەوتی

لیژنەی نەوت و غازو سامانە سروشتییەكان بە سەرۆكایەتی سەرۆكی تەمەن یەحیا عیساوی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەڕێزان ئەندامانی لیژنەكە ئەمڕۆ دووشەممە میوانداری باڵیۆزی ئوستورالیا لە بەغدا بەڕێز خاتوو (پاولا ئیلیزابێت غانلی)ی كرد بۆ باسكردن لە پەرەپێدانی كەرتی نەوتیی و پەیوەندی دوولایەنەی نێوان هەردوو وڵات.
لە میانی دیدارەكەدا كە لە بارەگای لیژنەكە بەڕێوەچوو پەرلەمانتار یەحیا عیساوی بەخێرهاتنی باڵیۆزی ئوستورالیای لە عێراقدا كرد، جەختی لەوەش كردەوە ئابوری عێراق بە پلەی سەرەكی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت كە ڕێژەی ٩٠٪ ی پێك دەهێنێت
ئاماژەی بەوەش دا لیژنەكە گرنگی زۆر بە پەرەپێدانی كەرتی نەوتیی دەدات بەتایبەت لە پرۆسەی پاڵاوتندا بۆ گەیشتن بە وزەی بەرهەمهێنانی خوازراو بەپێی بڕیارەكانی ڕێكخراوی ئۆپێك، نیگەرانی خۆیشی نەشاردەوە لە جێبەجێنەكردنی بەڵێنی كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكان كە بەڵێنیان دابوو تا ساڵی 2022 بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق دەگاتە 8 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا كە تاوەكو ئێستاش بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی لە 3 ملیۆن و نیو تێپەڕی نەكردووە ئەوەش بووەتەهۆی بووەتە هۆی ئەوەی عێراق سودمەند نەبێت لە بەرزبوونەوەی نرخی جیهانی نەوت.
پەرلەمانتار یەحیا عیساوی ئەوەشی خستەڕوو كە قەیرانی ئۆكرانیا و كاریگەرییەكانی لەسەر هەناردەكردنی نەوت و غاز، خواست لەسەریان بەرز بوەتەوە و ئەوەش وایكردووە وڵاتانی سوودمەند بە شوێن وڵاتی بەرهەمهێنی ئەلتەرناتیڤدا بگەڕێن بۆ پركردنەوەی خواستەكانیان، هەربۆیە عێراق لە توانایدا هەیە بە هاوكاری وڵاتانی دۆست لە سەروشیانەوە ئوستورالیا لە دەرگای بازاڕی جیهانی بدات و پێویستی ئەو بازاڕە بە نەوت و غاز پڕبكاتەوە.
لای خۆیانەوە بەڕێزان ئەندامانی لیژنەكە خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بۆ هاوكاری لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئوستورالیا لە كردنەوەی دەرگای هاوكاری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات بە شێوەیەكی گشتی و بەتایبەتی نێوان باڵیۆز و لیژنەكە بۆ پەرەپێدانی كەرتی نەوتیی و سودوەرگرتن لە ئەزموونی ئوستورالیا. ئەوەشیان بەبیرهێنایەوە كە عێراق خاوەنی دووەم گەورەترین یەدەگی نەوتە لە ناوچەكە و چوارەم گەورەترینە لە جیهاندا هەرئەوەش وای لێدەكات بتوانێت ببێتە پێشەنگ لە بازاری نەوت و كۆمپانیا نەوتییەكان بۆلای خۆی ڕابكێشێت، ئاماژەیان بەوەشدا كە لە ئێستادا چەندین بیرەنەوتی نەدۆزراوە هەیە لە عێراق، كە لە خولەكانی داهاتووی مۆڵەتپێداندا كۆمپانیا ئوستورالیەكان دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە دۆزینەوە و وەبەرهێنان تیایاندا، جەختیان لەوەش كردەوە كە گرێبەستی نێوان كۆمپانیاكان تەنها دەبێت لە ڕێگەی حكومەتی فیدراڵیەوە بێت و پابەندبن بە بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئومێدیان خواست هاوكاری لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەبێت لە بابەتی پەرەپێدانی كەرتی نەوتیی.
باڵیۆزی ئوستورالیا لە بەغدا لای خۆیەوە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانیكردنی بۆ لای لیژنەی نەوت و غاز و سامانی سروشتی و لە نزیكەوە بینینی ئەندامانی نوێ كە لە هەوڵی بینینەوەی پلانن بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی نەوتیی لە عێراقدا، ئاماژەی بەوەشدا كە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت خزمەتی بە ئابووری عێراق كرد و دەتوانێت سود لەو داراییە زۆرەی كە دەستی دەكەوێت ببینێت و ژێرخانی ئابووری پێ بەهێزتر بكات. هەروەها ئەوەشی ڕوونكردەوە كە كۆمپانیا ئوستورالییەكان گرنگی بە وزەی جێگرەوە دەدەن بەتایبەت هایدرۆژین، ئەوەشیان وت كە دەرەنجامی كۆبوونەوەكە بە كۆمپانیا ئوستورالییەكان ڕادەگەیەنن و ئاگاداریان دەكەنەوە لەوەی كە دەتوانن وەبەرهێنان بكەن لە كەرتی نەوتیی لە عێراقدا و لەوبارەشەوە لیژنەی نەوت و غاز پشتگیری تەواویان دەكات، دووپاتیشی كردەوە كە حكومەنی وڵاتەكەی هەوڵی پتەوتركردنی پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات دەدات بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا.
لیژنەكە جەختی لەوە كردەوە كە عێراق لە دوای بەرزبوونەوەی بەهای نەوت بەسودوەرگرتن لەو داهاتە زۆرەی كە دێتەوە ناو خەزێنەی دەوڵەت لە هەوڵی ئەوەدایە ژێرخانی ئابووری خۆیی پێ بەهێز بكات و پەرە بەهەردوو كەرتی كارەبا و كەرتی نەوتی بدات ، وێڕای گەشەپێدانی كەرتی غاز تاوەكو ئاستی خۆبژێویی و ئەگەری هەناردەكردنیشی، ئاماژەیان بەوەشدا كە لیژنەكەیان دەركردنی ئەویاسایەنەی كە خزمەت بە وەبەرهەێنان لە بواری كەرتی نەوت و پشتیوانیی كۆمپانیا بیانییەكان دەكەن بخاتە نێو پلەبەندی كارەكانییەوە.
ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن