لیژنەی دارایی دەنگ لەسەر كۆی پێشنیازی یاسای پشتیوانی خێرا بۆ ئاسایشی خۆراك و گەشەپێدان دەدات

لیژنەی دارایی بەسەرۆكایەتی بەڕێز حەسەن كەعبی و ئامادەبونی ئەندامەكانی ڕۆژی دووشەممە 6/6/2022 كۆبوەوە، بۆ تەواوكردنی برگەكانی یاسای ئاسایشی خۆراك و گەشەپێدان و، میكانیزمی دابەشكردنی بڕی پارەی تەرخانكراو بەپێی خشتەكان بۆ دابیكردنی پێداویستییە فعلییەكانی وەزارەتەكان و دەنگدان لەسەر كۆی مادەكان.

لەسەرەتای كۆبونەوەكەدا سەرۆكی لیژنە تەئكیدی كرد كە ڕێكەوتن هەیە لەسەر كۆی یاساكەو 25 ترلیۆن دینار تەرخانكراوە، پێش كۆتایهاتنی وەرزی یاسادان تێدەپەڕێنرێت.

لیژنەكە ئاماژەی بەوەدا، برێك پارە زیادكراوە بۆ چارەسەری كیشەی وانەبێژان و گرێبەستەكان و ئەوانەی بە كرێی ڕۆژانە كاردەكەن، وێڕای قەرەبوكردنەوەی ئەوانەی زەرمەندبون لەدەرەنجامی پرۆسە جەنگییەكان و هەلە سەربازییەكان و، پشتیواینكردنی دامەزراوەی زیندانیان و شەهیدان و پشتیوانی سندوقی قەرەبوكردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكان.

لیژنەكە تەواوی بڕگەو مادەكانی یاساكەی تەواوكرد و بەكۆ دەنگی لەسەرداو، بریاریدا بەرزی بكاتەوە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەن و خستنیە ناو خشتەی كارەكانی دانیشتنی داهاتوو لەم وەرزی یاسادانانەدا.

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
6/6/2022