لیژنەی ئاسایش و بەرگری میوانداری نێردەی شاندێكی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ كاروباری دەرەوە دەكات

لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەران بەسەرۆكایەتی حاكم زاملی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بە ئامادەبوونی بەڕێزان ئەندامانی لیژنەكە ڕۆژی سێ شەممە 24/5/2022 میوانداری شاندێكی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ كاروباری دەرەوەیان كرد بە سەرۆكایەتی بەڕێز (ناتالی لویزۆ) بۆ گەنگەشەی دۆخی سیاسی و ئەمنی ئێستای عێراق، هەروەها تاوتوێی دۆخی نێودەوڵەتی و هەرێمی و سیاسەتە ئەمنی و بەرگرییەكانی عێراق كرا، بەهەمانشێوە باس لە ویلایەتی نێردەی ڕاوێژكاریی یەكێتی ئەوروپا بۆ پاراستنی میراتی كولتووری كرا.
بەڕێز جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە میانی كۆبوونەوەكەدا كە لە هۆڵی دەستوری لە ئەنجومەنی نوێنەران و بە ئامادەبوونی بەڕێزان ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و بەڕێز ڤیلی ڤارجولا باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپا لە عێراقدا بەڕێوەچوو باسی لە هاوكارییەكانی یەكێتی ئەوروپا كرد لەگەڵ عێراقدا و بە گرنگەوە باسیشی لە ڕۆڵی كارای یەكێتییەكە كرد لە شەڕی دژ بە داعش لە ڕێگەی ڕاهێنان و ئامادەكردنی هێزە چەكدارەكان و هێزە ئەمنییەكان، ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەنجومەنی نوێنەران پەیوەندی دووقۆڵی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپیدا هەیە لە ئاست و بوارە جیاوازەكاندا، هیوای ئەوەشی خواست كە ئەم پەیوەندییانە زیاتر لە جاران بەهێزتر بكرێت لە ڕێگەی ئالّوگۆڕی سەردانەكانەوە.

جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران جەختی كردەوە كە یەكێتی ئەوروپا هاوبەشی ڕاستەقینەی ئێمەیە، ئەوەشی ڕوون كردەوە كە سەركەوتنی عێراق بەسەر تیرۆردا سەرەڕای ئەو توانا كەمەی كە هەیبوو بەهۆی هۆشیاری كوڕانی گەلەكەیەوە بوو.
لەلایەن خۆیەوە پەرلەمانتار جەواد پۆڵانی جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە درێژەی سەرۆكایەتی كردنی كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی بەوە دا كە خواستی لیژنەكەیانە هاوكاری و هاوئاهەنگی تەواوی هەبێت لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپی بە تایبەت لە بواری دەركردنی ئەو یاسایانەی كە تایبەتن بە هەردوو كەرتی سەربازی و ئەمنی و دووپاتیشی كردەوە كە سەركەوتنی عێراق بەسەر تیرۆر و داعشدا بە فەزلی خوای گەورەوە بوو وپاشان ئەو یەكدەنگیی و گونجانە بوو كە لە نێوان گەلەكەیدا هەبوو كە هەڵوێستەكانی لە پاراستنی خاكەكەی جێگای بایەخن.
لەلایەن خۆیەوە بەڕێز ناتالی لویزۆ ستایشی و پێزانینی خۆی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران دەربڕی بۆ ئەو میوانداریكردنەی و باسیشی لە ڕۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجامدانی ئەركەكانی كرد و ئەوەشی بە بەرهەمی ئەو دیموكراسیە لە قەڵەم دا كە لە عێراقدا بوونی هەیە.
هەر لە درێژەی قسەكانیدا بەڕێز لویزۆ ئەوەی ڕوونكردەوە كە یەكێتی ئەوروپا دژ بە روسیا نییە بەڵام دەیەوێت شەڕ دژی ئۆكرانیا ڕابگرێت لەبەرئەوەی شەڕێكی نایاسییە ئۆكرانیا دەیەوێت بە ئازادی و دیموكراسی بژیت ئەوەش مافی خۆیەتی و مافی هەر وڵاتێكی دیكەیە لە جیهاندا ئەوەشی ئاشكرا كرد گەر ئەم قەیرانە بەردەوام بێت لە ئۆكرانیا كاریگەری لەسەر هەناردەكردنی دانەوێڵە و گەنم دادەنێت كە ئەوەش كاریگەری نێگەتیڤی دەبێت بۆ بۆ سەر هەموو جیهان.

لەلایەن خۆیانەوە بەڕێزان ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری جەختییان كردەوە كە هەموو جیهان ئاگادارە لەوەی بەسەر عێراقدا تێپەڕی لە شەڕی دژ بە داعشی تیرۆریست و ئاماژەیان دا بە بوونی خانەكانی گروپە تیرۆریستەكان كە تاوەكو ئێستاش ئاسایشی عێراق دەگرنە ئامانج، بەهەمانشێوە ئاماژەیان بە دزەكردنی تیرۆریستان دا بۆ ناو خاكی عێراق لە ڕێگەی سنوری نێوان عیراق و سوریا و داوایان كرد هاوكاریی ئەمنی و هەواڵگری نێوان عێراق و یەكێتی ئەوروپا بەهێزتر بكرێت بۆ كۆتایی هێنان بەم دۆسییەیەو هاوكاری عێراق بن لە دابینكردنی خزمەتگوزارییە هەواڵگرییە مۆدێرنەكان و كامێرەی حەراری و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بۆ كۆنترۆڵكردنی سنورەكە، جەختیشیان كردەوە لەسەر زیادكردنی هەوڵ و هاوكارییەكانیان لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا لە هەردوو دۆسیەی ڕووبەڕووبونەوەی مادە بێهۆشكەرەكان و سپیكردنەوەی پارە.
ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن