لیژنه‌ی‌ کاری پەرلەمانی میوانداری جێگری کارگێڕی سەرۆکی دەسەڵات دەکات بۆ چاودێریکردنی کەمئەندامان

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠/١١/٢٠٢٢ لیژنەی کارو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پەرلەمان بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار نەهلە فەهداوی سەرۆکی تەمەنی لیژنەو ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی میوانداری جێگری کارگێڕی، سەرۆکی دەزگای چاودێری کەمئەندامان و پێداویستییە تایبەتەکان بەڕێز عەلی جەعفەر محەمەد حلو کرد بۆ تاوتوێکردنی کێشەی لیژنە پزیشکییەکان و ماف و ئیمتیازاتەکانی کەمئەندامان لەوەزارەتەکاندا.

لە میانەی میواندارییەکەدا پێشکەشکارییەکی تێروتەسەل لەسەر کێشەکانی لیژنەی پزیشکی تایبەت بە کەمئەندامان کرا، کە پێکدێت لە نەبوونی لیژنەی پزیشکی و لیژنەی پێداچوونەوە لە چەند پارێزگایەک، وکەمیی هەندێک تایبەتمەندی پزیشکی و ماوەی تەواوکردنی ڕاپۆرتەکان و گرنگی گرتنەبەری ئامرازی ئەلکترۆنی لە ئاماژەدان بە لیژنەکان و دەرکردنی بڕیاری پزیشکی، هەروەها باس لە ماف و ئیمتیازاتی کەمئەندامانی وەزارەتەکان کراو ئەو کێشانەی کە ڕێگرن لە جێبەجێکردنی بە شێوازێکی باش.

ئه‌ندامانی‌ لیژنە گوێیان لە چەند پێشنیارو چارەسەرێک بۆ ئەو کێشانە گرت، هەروەک پەرلەمانتاریش نەهلە فەهداوی دووپاتیکردەوە کە لیژنەی کار بە پەرۆشە لە خوێندنی هەموو ئەو پێشنیارانەی پێشکەش کراون و دەیانگرێتەوە لە هەموارکردنی یاساکە بۆ کەمئەندامان و پێداویستییە تایبەتەکان، جەختیش كرایه‌وه‌ لە سەر ئەوەی کە پێویستە هەموو هەوڵەکان بخرێته‌كار بۆ پێگەیاندنی یاساو گەیشتن بە وەشانێکی کۆتایی کە ئاواتەکان کۆدەکاتەوە و هەموو مافەکان دەپارێزێت.

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠ / ١١ / ٢٠٢٢