د.شاخەوان عەبدوڵا لەگەڵ سەرۆک و نوێنەرانی فراكسیۆنه‌ کوردستانییەکان یەکخستنی هەڵوێست بەرامبەر بە پێشنیازی یاسای پشتیوانی‌ خێرا بۆ ئاسایشی‌ خۆراك و ڕێگەگرتن له‌ گەندەڵکاران تاۆتۆێدەکات

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە ٦/٦/٢٠٢٢ لە نوسینگه‌ی‌ فەرمی خۆی لە بەغدا لەگەڵ سەرۆك و نوێنەرانی فراكسیۆنه‌ كوردستانییەكانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ ئیتحادی‌ كۆبۆوه‌ و یاسای پشتیوانیی خێرا بۆ ئاسایشی‌ خۆراك وگه‌شه‌پێدانیان تاوتوێ كرد، لەگەڵ پێویستی یەکخستنی هەڵوێست و دیدگاکانیان بەرامبەر یاساكه‌ و دەنگنەدان لەسەرهەندێک لەمادده‌کانی ناو یاساکە کە گومانی گەندەڵی لەسەرەو دوورە لە ئەولەویاتەکان.

بە پێویستیشی زانی یاسای پشتیوانی‌ خێرا بۆ ئاسایشی‌ خۆراك دابینکردنی خزمه‌تگوزارییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان و بڕگه‌كانی‌ ناوفۆرمی‌ خۆراك هه‌روه‌ها دامه‌زراندنی‌ خاوەن گرێبەستەکان و کرێی ڕۆژانە وچاره‌سه‌ركردنی‌ پرسی‌ وانەبێژانی خۆبەخش و شایستەییەکانی جووتیاران مسۆگه‌ربكرێت و پشتیوانی‌ چاودێری کۆمەڵایەتی لەخۆبگرێت.

د شاخەوان عەبدوڵا و فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان جەختیان لە گرنگی ئاراستەکردنی یاساکە کردەوە بەوشێوەیەی پێداویستییەکانی هاوڵاتیان لەم هەلومەرجە سەختەدا فەراهەم دەکات و، پشتیوانی هەژاران و زیانلێکەوتووان دەکات و خەڵکی به‌گشتی لەم یاسایە سوودمه‌ندبێت، هەروەها نەقۆستنەوەی لەڕووی سیاسی و ڕێگاگرتن لەله‌گەندەڵکاران و هەموو ئەوانەی هەوڵی بەفیڕۆدانی پارەی گشتی دەدەن.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
دووشەممە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢