دكتۆر شاخەوان عەبدوڵا لە(35)هەمین ساڵیادی تاوانی هەڵەبجەدا, داوا لەحكومەتی فیدراڵی دەكات بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە بكاتە دەرفەتێك بۆ قەرەبوكردنەوەی مادی و مەعنەوی خەڵكەكەی

لەبەیاننامەیەكی پرسەو سەرەخۆشیدا, بەبۆنەی ساڵیادی تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە كە لەڕۆژی 16ی ئازاری ساڵی 1988 لەسەر دەستی ڕژێمی بەعس ئەنجامدرا, جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق, بە ئازارێكی قوڵەوە سەرەخۆشی لەگەلی كوردستان و تەواوی عێراقییە ڕەسەنەكان و مرۆڤ دۆستانی جیهان كرد, بە بۆنەی تێپەڕبونی (35)ساڵ بەسەر ئەو تاوانە قێزەونەی دژبە مرۆڤایەتی ئەنجامدراو ئەو كۆمەڵكوژییەی تائەمڕۆ ئازاری ویژدان دەدات.

دكتۆر شاخەوان عەبدوڵا ڕاشیگەیاند:”هەموو ساڵێك لەم ڕۆژەدا بەئازارێكی قوڵەوە یادی كارەساتی هەڵەبجە دەكەینەوە, كاتێك بەعسی گۆڕبەگۆڕو تاوانبار عەلی كیمیاوی شاری هەڵەبجەی بەچەكی كیمیاوی بۆردومان كرد(چەكی كۆمەڵكوژ) قەدەغەكراو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی, كە بەداخەوە جیهان بێدەنگی هەڵبژارد, بەهۆیەوە زیاتر لە (5000) هاوڵاتی سڤیل و بێگوناه شەهیدبوون كە زۆرینەیان منداڵ و ئافرەت و پیربوون, ئەو تاوانە قێزەونە وەك پەڵەیەكی شەرمەزاری بەتەوێڵی رژێمی دیكتاتۆر و سەركوتكارەوە دەمێنێتەوە كە بەئاگرو ئاسن حوكمی عێراقی كرد”.

بەڕێزیان بەگرنگیشی زانی, حكومەتی فیدراڵی بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە بكاتە دەرفەتێك بۆ قەرەبوكردنەوەی مادی و مەعنەوی خەڵكەكەی بەوپێیەی ئەركێكی ئەخلاقی و نیشتمانییە, لەگەڵ دابینكردنی ژیانێكی شەرەفمەندانە بۆیان و نەهێشتنی شوێنەوارەكانی تاوانەكەو پێشخستنی پارێزگاكەو پێشكەشەكردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆیان.

بەرزی و شكۆ بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كارەساتی هەڵەبجەو تەواوی شەهیدانی عێراق ئەوانەی بەخوێنی خۆیان قوربانیاندا لەپێناو شكۆمەندی و ئازادی.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران
پێنج شەممە 16ی ئازاری 2023