دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ئه‌ركانی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ باس له‌پێویستی‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ هاوكاری‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئیتحادییه‌كان ده‌كات بۆ كۆنترۆڵكردنی‌ ئاسایش و چاره‌سه‌ركردنی‌ ناوچه‌ ناسه‌قامگیره‌كان و راوه‌دونانی‌ شانه‌ تیرۆریستییه‌كان

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 23/6/2022 جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق له‌نوسینگه‌ی‌ فه‌رمی‌ خۆی‌ له‌به‌غداد، پێشوازیكرد له‌شاندێكی‌ باڵای‌ سه‌ربازی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ پێكهاتبوون له‌فه‌ریق روكن عیسی‌ عوزێر سه‌رۆك ئه‌ركانی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ لەگەڵ ژماره‌یه‌ك فەرماندەی‌ سه‌ربازی‌ و ئه‌فسه‌ره ‌باڵاكانی‌ هه‌رێم، به‌ئاماده‌بوونی‌ فه‌ریق روكنی‌ یه‌كه‌م حامید عه‌بدولمه‌قسود له‌فته‌ فەرماندەی ‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌فسه‌رانی‌ ئه‌ركانی‌ فەرماندەیی‌ هێزه‌كانی‌ پاسه‌وانی‌ سنوور.

له‌میانی‌ دیدارێكدا باس له‌ كاریگه‌رییه‌كانی‌ دۆسییه‌ی‌ ئه‌منی‌ و دوایین پێشهاته‌ ئه‌منییه‌كان و رێگاكانی چاره‌سه‌ركردنی‌ پێشێلكارییه‌ ئەمنییەكانی‌ ئه‌م دواییه‌ كرا، هاوكات باس له‌پشتیوانیكردنی‌ یه‌كه‌ ئه‌منییەكانی‌ حكومه‌تی‌ ئیتحادی‌ لەهه‌رێم كرا كه ‌سه‌ربه‌ فەرماندەیی هێزه‌كانی‌ سنوورن لەگەڵ فه‌رمانگه‌كانی‌ تری‌ سەربە وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆی‌ حكومه‌تی‌ ئیتحادی‌، هاوكات به‌پێویستیان زانی‌ ئاستی‌ هاوكاری‌ و هه‌ماهه‌نگی‌ نێوان هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئیتحادییه‌كان به‌رزبكرێته‌وه‌ و ئۆپه‌راسیۆنی‌ هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ن بۆكۆنترۆڵكردنی‌ ناوچه‌ ناسه‌قامگیره‌كان راوه‌دونانی‌ تیرۆریستان و شانه‌ نوستووه‌كانیان و، ته‌واوكردنی‌ رێكارە لۆجیستی‌ و پێداویستییەكانی‌ پێكهێنانی‌ لیوای‌ 20 وكاركردن بۆ بڵاوكردنه‌وه‌یان بەشێوەیەكی خیرا.

دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا له‌میانی‌ وته‌كانیدا، ئاماژەیدا به‌گرنگی‌ سه‌ردانیكردنی‌ شاندی‌ سه‌ربازی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و ئەنجامدانی كۆبونه‌وه‌ و دیداری‌ هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ فەرماندە باڵا سه‌ربازییه‌ كان له‌به‌غدادو، ئاڵوگۆڕی‌‌ زانیاری‌ و چالاككردنی‌ هەوڵە‌ هه‌واڵگری‌ و بەردەوامیی هه‌ماهه‌نگی‌ نێوان هه‌ردوولاو، سەرلەنوێ هه‌ڵسه‌نگاندن‌ بۆ بڵاوەپێكردنی‌ یه‌كه ‌سه‌ربازییه‌كان،‌ ته‌ئكیدیشیكرد،‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌رده‌وامه‌ له‌پشتیوانی‌ و پاڵپشتی‌ دامه‌زراوه‌ سه‌ربازی‌ و ئه‌منییه‌كان به‌ده‌ركردنی‌ یاسا و یاسا به‌ركاره‌كان و، ئاراستەكردنی‌ ته‌رخانی‌ دارایی‌ پێویست بۆ ‌دابینكردنی‌ كه‌ره‌سته‌ سه‌ربازییه‌كان بۆ هێزه‌ چه‌كداره‌كان، تا بتوانن ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییان به‌جێبهێنن و گیانی‌ هاووڵاتیانی‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكانی‌ عێراق بپارێزن.

نوسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق
پێنجشه‌ممه‌ 23 ی‌ حوزه‌یرانی‌ 2022