دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا : عه‌ره‌بی و كوردی دوو زمانی فه‌رمی عێراقن بەپێی دەستورو، ڕاسپاردەکانی کاری لیژنه‌ی باڵای به‌دواداچوون بۆ جێبه‌جێكردنی یاسای زمانه فه‌رمییه‌كان بەجێ دەگەیەنین
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 24/11/2022 جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌نوسینگه‌ی فه‌رمی خۆی له‌به‌غداد و به‌ئاماده‌بوونی ژمارەیەک په‌رله‌مانتار، پێشوازیكرد له‌سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی باڵای به‌دواداچوون بۆ جێبه‌جێكردنی یاسای زمانه فه‌رمییه‌كان ژماره (7) ی ساڵی 2014 كه‌پێكهاتبوون له‌هه‌ریه‌ك ( دكتۆر ره‌حیم حسه‌ین علێوی سه‌رۆكی لیژنه‌كه نوێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و دكتۆر وه‌لید عه‌بدوڵا فه‌تحوڵا نوێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ، دكتۆر عومه‌ر ئه‌مین نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ، ئیسماعیل جه‌هید جوه‌یید بڕیارده‌ری لیژنه‌كه ) .
لەدیدارەکەدا كاری لیژنه‌كه و رێوشوێنه یاسایی و كارگێڕییه‌كان تاوتوێكرا بۆ ئه‌وه‌ی له‌نوسراوه فه‌رمییه‌كانی نێوان وه‌زاره‌ته‌كان و فه‌رمانگه حكومییه‌كاندا هاوشانی یه‌كتر پشت به‌هه‌ردوو زمانی عه‌ره‌بی و كوردی ببه‌سترێت و، زمانی عەرەبیش هاوشانی زمانی کوردی لەهەرێمی کوردستان کاریپێبکرێت، لەگەڵ گرنگی بایەخدان بەزمانی پێکهاتەکانی تر لەسەر ئاستی ناوچەو حکومەتە خۆجێیەکان .
دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا له‌میانی وته‌كانیدا جه‌ختی له‌وه كرده‌وه ” زمانی عه‌ره‌بی و كوردی دوو زمانی فه‌رمی عێراقن به‌پێی ده‌ستوور له‌مادده‌ی (4) یه‌كه‌م و ، راسپارده‌كانی كاری لیژنه‌ی باڵای به‌دواداچوون بۆ جێبه‌جێكردنی یاسای زمانه فه‌رمییه‌كان بەجێ دەگەیەنین ” .
به‌ڕێزی ئاماژه‌یدا به‌گرنگی به‌رده‌وامی کاری لیژنەکەو هەماهەنگی ڕاستەوخۆ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بۆ جێگیرکردنی نوسراوه فه‌رمییه‌كانیان به‌هه‌ردوو زمان، وێڕای دابینكردنی كادیر‌و وانه‌بێژه‌كانی زمانی كوردی و وه‌رگێڕه تایبه‌تمه‌نده‌كان له‌بواری ده‌قه یاساییه‌كاندا بۆ وه‌رگێڕانی ده‌قی یاسا و یاسا به‌ركاره‌كان و گشتاندنی زمانی كوردیش هاوشانی زمانی عه‌ره‌بی له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكانی عێراق.
نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
پێنجشه‌ممه 24ی تشرینی دووه‌می 2022