دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا سه‌ركۆنه‌ی‌ ئەو تاوانە دەکات کە دەرهەق بە خێزانێكی‌ كوردی‌ عێراق لەناو خاكی‌ توركیا ئەنجامدرا، داواش له‌حكومه‌تی‌ توركیا ده‌كات تاوانباران ده‌ستگیربكات و ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانیش له‌ ورده‌كاری‌ تاوانه‌كه‌ له‌ڕێی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ ئاگاداربكاته‌وه‌

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا به‌توندی‌ سه‌ركۆنه‌ی‌ تاوانی‌ ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌رخێزانێكی‌ كوردی‌ عێراقی‌ پارێزگای‌ دهۆكی کرد كه‌ دوێنێ له‌ناو خاكی‌ توركیاو له‌سه‌ر رێگای‌ نێوان نسێبین – ماردین تەقەیان لێکراو بەهۆیەوە پێنج ئەدامی خێزانێک شەهیدبون.

به‌ڕێزی‌ داوای‌ له‌حكومه‌تی‌ توركیا كرد ئه‌نجامدەرانی ئه‌و تاوانه‌ بدرێنە دادگاو سزای خۆیان وەربگرن، داواشیكرد ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌ ورده‌كاری‌ ده‌ستدرێژییه‌كه‌ له‌رێی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌وه‌ و باڵیۆزخانه‌ی‌ عێراق له‌توركیا ئاگاداربكه‌نه‌وه‌.

دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی‌ و هاوخه‌می‌ خۆشی‌ بۆ کەسوکارو نزیكه‌كانی‌ شه‌هیده‌كان له‌ئه‌ندامانی‌ خێزانه‌كه‌ ده‌ربڕی‌.

نوسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق
پێنجشه‌ممه‌ 19 ی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 2023