دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا به‌توندی ئیدانه‌ی بۆردومانی سوپای توركیا دەکات بۆ سه‌ر ناوچەیەکی گەشتیاری شاری زاخۆ کە بەهۆیەوە دەیان هاوڵاتی سڤیل بونە قوربانی، داواش له‌حكومه‌تی ئیتیحادی ده‌كات ده‌ستبه‌جێ بێته‌سه‌رخه‌ت و سنورێك بۆ ئه‌وتاوان و زیاده‌ڕه‌ویانه بۆسه‌ر سه‌روه‌ری نیشتمانی دابنێت
له‌یاننامه‌یه‌كدا جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه به‌توندترین شێوە ئیدانه‌ی ئه‌و تۆپبارانه قورسه‌ی سوپای توركیای کرد بۆ سه‌رناوچه‌ی گه‌شتیاری پەرەخ لەسنوری ئیدارەی زاخۆ کە بەهۆیەوە چەندین هاوڵاتی سیڤیڵی بێ‌تاوان شەهیدو برینداربون، کە له‌نێویاندا ئافره‌ت و منداڵی هەیەو، لە پارێزگا جیاکانی عێراقەوە بەنیازی گەشتیاری و بەسەربردنی کاتەکانیان ڕویان لە هه‌رێمی كوردستان کردووە.
دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا ئه‌و تاوانه قێزه‌وونه‌و به‌ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی بێ هیچ پاساوێک شەرمەزارکرد، داواشی له‌حكومه‌تی ئیتحادی كرد به‌په‌له بێته‌سه‌رخه‌ت و هه‌موو رێكاره یاسایی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه بگرێته‌به‌ر و سنورێك بۆ ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی دابنێت کە تورکیا به‌رامبه‌ر به‌مرۆڤایه‌تی ئه‌نجامیده‌دات و به به‌رده‌وامی سه‌روه‌ری نیشتمانی عێراق و هەرێمی کوردستان ده‌به‌زێنێت و پێشێلكاری له رێكه‌وتن و په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ده‌كات و ڕێز لەبنەمای دراوسێیه‌تی باش ناگرێت.
له‌كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌ی دكتۆر شاخه‌وان عه‌بدوڵا، پرسه و سه‌ره‌خۆشی ئاڕاسته‌ی كه‌سوكاری شه‌هیده‌كان كرد‌و هیوای چاكبوونه‌وه‌ی خێرای بۆ برینداران و به‌ركه‌وتووه‌كان خواست .
نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
چوارشه‌ممه 20 ی ته‌مموزی 2022