بەیاننامەی لیژنەی ووزەو کارەبای پەرلەمانیی لەسەر خراپی ڕەوشی کارەبا

لیژنەی ووزە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایئەگەێنێت کە لە بەدواداچونەکانی بەردەوامە لەسەر خراپی دۆخی کارەباو نەبوونی وەک پێویست لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق، پاش پەیوەندیکردن بە بەرپرسانی وەزارەتی کارەبا دەرکەوت کە کێشەکە پەیوەندی بە کەمی ئەو بڕە غازەوە ھەیە کە لە وڵاتی ئێرانەوە دێت بۆ وێستگەکانی بەرھەم ھێنانی کارەبا ، ئەمەش بەھۆی کاری چاککردن لە ھێڵەکانی گواستنەوەی غاز لەناوخۆی ئێران دروست بووە کە لە ڕۆژی چوارشەممەوە ھەتا دوای نیوەڕۆی ڕۆژی ھەینی ئەم کێشەیە بەردەوام بوو و لە ئێستایا دۆخەکە ئاسایی بۆتەوە بەھۆی گەیشتنی بڕی غازی پێویست بۆ وێستگەکان.
ھەروەھا لیژنەکە ڕایگەیاند بەنیازن لەیەکەم دانیشتنی خۆی میوانداری بەڕێز (وەزیری کارەبا ) بکات بە مەبەستی ئامادەباشیی بۆ وەرزی ھاوین. جگە لەوەش لەڕێی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە داوا ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت کە ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر پەیوەست بە دابین کردنی شایستەداراییەکانی غازی ئێران تاوەکو گرەنتی بەردەوامیی ھاوردەکردنی غاز بکرێت لە وەرزی ھاویندا.

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠ئایاری ٢٠٢٢