لە میانی سەردانیكردنی دەروازەی سۆماری سنوری.. مەندەلاوی داوا لە حكومەت دەكات دەروازەكە لەبەردەم گەشتیاران و جوڵەی بازرگانیدا بكاتەوە

بەڕێز موحسین مەندەلاوی، جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، بەفەرمی داوای لەبەڕێز محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كرد، سەرلەنوێ‌ دەروازەی(سۆماری سنوری) لە دیالە لەنێوان عێراق و ئێران لە بەردەم گەشتیاران و جوڵەی بازرگانی بكاتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 17ی ئازاری 2023, لەپەراوێزی سەردانەكەیدا بۆ قەزای مەندەلی، سەردانی دەروازەی(سۆمار)ی سنوریی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران كرد، بەیاوەری بەڕێز عومەر وائیلی سەرۆكی دەستەی دەروازە سنورییەكان و بەڕێز موسەننا تەمیمی پارێزگاری دیالەو فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاكەو فەرماندەی هێزی تایبەت و نوێنەری دەستەی حەشدی شەعبی لە دیالەو ژمارەیەك لەفەرماندە ئەمنییەكانی پارێزگاكە.
جێگری یەكەم، جەختیكرد لەپێویستی ئامادەكردنەوەی دەروازەكەو دابینكردنی سەرجەم پێداویستییەكانی بۆ دەستكردن بەكاركردن تیایدا، لە چاككردنی ڕێگەو وزەو ژێرخان و خزمەتگوزاری و پەیوەندییەكان، داواشیكرد هەماهەنگی بكرێت لەنێوان ئیدارەی پارێزگاكەو دەزگا ئەمنییەكان لەگەڵ لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان، بەوشێوەیەی بەشداری دەكات لە كۆنتڕۆڵكردنی تەواوەتی دەروازەكەو ڕێگەگرتن لەمەترسی تاوانكاری، بەتایبەت لەوەی پەیوەستە بە ئاودیوكردنی مادەی هۆشبەرو پێكهاتە نەوتییەكان.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی

جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران

٢٠٢٣/٣/١٧