لیژنەی یاسایی پەرلەمان میوانداری کۆمسێۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان دەکات

لیژنەی یاسایی بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار ڕێبوار ھادی سەرۆکی لیژنەو بەئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە، ئەمڕۆ سێ شەممە، میوانداری سەرۆک و ئەندامانی کۆمسێۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی کرد.

لەدەستپێکی کۆبونەوەکەدا سەرۆکی لیژنەی یاسایی ئاشکرایکرد کە ئامانج لە میواندارییەکە وەستانە لەسەر ئامادەکارییەکانی کۆمسێۆن بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان و نەھێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم کارەکانيدا.

ھەروەھا لەلایەن ئامادەبووانی کۆبونەوەکەوە گفتوگۆ لەسەر چەند بابەتێک کرا، گرنگترینیان بریتی بوو لە تێچووی چاپکردنی کاغەزی دەنگدان و  خشتەی کاتی پرۆسەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و پەرلەمانی کوردستان، ھەروەھا سەرەتاکانی گرێبەستی دابینکردن و بەستنی کامێراکانی چاودێری لەناو بنکەکانی ھەڵبژاردن، ئەمە جگە لەو گۆڕانکارییانەی کۆمسێۆن کە لە شوێنە جێبەجێکارەکاندا ئەنجامیداون.

ھاوکات لە دیدارەکەدا تاوتوێی تێبینیەکانی کۆمسێۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان کرا، سەبارەت بە پێشنیازی یاسای ھەمواری یەکەمی یاسای کۆمسێۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ژمارە (٣١) ساڵی ٢٠١٩ .

 

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٣/١١/٢١