لیژنەی یاسایی پەرلەمان تاوتوێی یاسای دەست بەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی گواستراوەو نەگواستراوەی ڕژێمی پێشوو دەکات
لیژنەی یاسایی بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار ڕێبوار ھادی سەرۆکی لیژنەو بە ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنە، ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆبوونەوەیەکی بەست، بۆ تاوتوێکردنی یاساکانی ناو بەرنامەی کار.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، لیژنە تاوتوێی یاسای ھەموارکردنی دووھەمی یاسای بیمە لەسەر بەرپرسیارێتی کەسی بۆ فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە ( ٤٧) ساڵی ١٩٩٠ی کردو بڕیاریدا میوانداری ھەریەک لە دیوانی بیمەو دەستەی دەستپاکی بکات، بۆ گوێگرتن لە پێشنیارو سەرنج و تێبینیەکان سەبارەت بە یاساکە.
ھەروەھا لیژنەکە تاوتوێی یاسای دەست بەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی سەرانی ڕژێمی پێشوو ژمارە (١٢) ساڵی ٢٠١٨ ی کرد، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەوەی بخرێتە ناو بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی ئەنجومەنەوە، تاوەکو خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت.
لەسەر ھەمان تەوەر لیژنەکە لێکۆڵینەوەی کرد لەبارەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو ئامادەبووانی دیدارەکە بڕیاریاندا میوانداری نوێنەرانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و ئەنجومەنی دەوڵەت و دەزگای دژەتیرۆرو ڕاوێژکارانی ئاسایشی نەتەوەیی و دەزگای ئاسایشی نشتیمانی و وەزارەتی ناوخۆ بكهن، بۆ گوێگرتن لە پێشنیارەکانیان سەبارەت بە یاساکە.
لەبەردەوامی گفتوگۆکاندا لیژنەکە بەشێوەیەکی چڕ تاوتوێی یاسای ھاریکاری یاسایی کرد، ھەروەھا گوێی بۆ بۆچوونی بەڕێزان ئەندامانی لیژنە گرت و دووپاتیان کردەوە کە پێویستە گفتوگۆکان بەردەوامییان ھەبێت لەپێناو پێگەیشتنی دیدگاکان سەبارەت بە یاساکە، بەر لەوەی بخرێتە دەنگدانەوە لەناو ئەنجومەن.
ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٣/٧/٢٠