لیژنەی یاسایی پەرلەمانی لە گەڵ شاندی وەزارەتی دەرەوە تاوتوێی دۆسیه‌ی‌ دیاریکردنی سنوور لە گەڵ دەوڵەتی کوێت دەکات

لیژنەی یاسایی بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار مورتەزا ساعیدی جێگری یەکەمی سەرۆکی لیژنەو بە ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە، میوانداری سەرۆکی لیژنەی فەرمانی دیوانی (٢٢٠٦٠)ی کرد، کە لە ئەنجومەنی وەزیران پێکھێنراوە بە سەرۆکایەتی بەڕێز عومەر ئەحمەد کەریم بەرزنجی بریکاری وەزارەتی دەرەوە.
لە دەستپێکی دیدارەکەدا لیژنەکە پرسیاریکرد دەربارەی ئەو پابەندیە نێودەوڵەتیانەی کە لە ئەستۆی عێراقدان، لە ئەنجامی جەنگی کەنداو و داگیرکردنی کوێت لە لایەن ڕژێمی پێشووه‌، کە تاوەکو ئێستا عێراق نەیداوەتەوە، ھەروەھا ئەو ھۆکارانەی کە وایکردووە عێراق دەرنەجێت لە ژێر بەندی شەشی تایبەت بە قەرەبووکردنەوەی کوێت سەرباری دەرچوونی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی نێودەوڵەتی لە مانگی شوباتی پارساڵەوە.
لەلای خۆشیانەوە شاندی وەزارەتی دەرەوە ئەرکەکانی لیژنەکەیان خستەڕوو، ئەویش یەکخستنی ھەوڵەکانە بۆ دەرھێنانی عێراق لەژێر بەندی حەوت دوای تەواوکردنی سەرجەم پابەندیەکانی کە لە ئەستۆیدایەو بەدواداچوون بۆ داڕشتنەوەی ئەو بڕیارەی کەوا ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە عێراق دەریدەکات.
لیژنەی فەرمانی دیوانی ٢٢٠٦٠ ئاشکراشیکرد کە هێشتا هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ لێکۆڵینەوە لە بڕیارەکانی دەرکردنی عێراق بە هەڵوێستێکی یەکگرتوو.
سەبارەت بە بابەتی دیاریکردنی سنور لەگەڵ کوێت، لیژنەی فەرمانی دیوانی سەرجەم ئەو ھەواڵ و دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە فرۆشتنی بەشێک لە زەوی و خاکی عێراق بە کوێت دەکات.
لیژنەی یاسایی لای خۆیەوە دووپاتیکردەوە پاڵپشتی لەسەرجەم ھەوڵە دبلۆماسیەکان لە ئاستە جیاجیاکاندا دەکات، بۆ زامنكردنی مافەکانی عێراق.

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٣/٨/١٣