لیژنەی یاسایی تاوتوێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەکات
لیژنەی یاسایی بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار ڕێبوار ھادی سەرۆکی لیژنەو بەئامادەبوونی ئەندامانی لیژنە، ئەمڕۆ چوارشەممە میوانداری ھەریەک لە نوێنەرانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و ئەنجومەنی دەوڵەت و ڕاوێژکارانی ئاسایشی نەتەوەیی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دەزگای دژە تیرۆری کرد.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا لیژنەی یاسایی جەختی لە گرنگی یاساکە کرد و بە پێویستیشی زانی کەوا گفتوگۆی چڕ لە سەر سەرجەم ماددەو بڕگەکانی یاساکە بکرێت، تاوەکو بگەن بە دیدگایەکی ڕوون كە یارمەتیدەربێت لەدەرکردنی یاسایەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەپێی ئاستەنگ گۆڕانکارییەکانی بواری ئاسایش لەم قۆناغەدا.
له لای خۆیانەوە نوێنەرانی دەزگا ئەمنیەکان و ئەنجومەنی باڵای دادوەری تێبینییە سەرەتاییەکانی خۆیان لە سەر پرۆژە یاساکە خستەڕوو، لەوانە کارکردن لە سەر ھەموارکردنی یاسای سزادان ژمارە (١١١) ی ساڵی (١٩٦٩) بەجۆرێک کە یەکبگرێتەوە لەگەڵ ئەو خواستە پێویستەی کە بەنیازن بیخەنە ناو پرۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، وە دەبێت لە پرۆژە یاساکەشدا ئاماژە بە بەرپرسیارێتی کەسانی مەعنەوی لە تاوانە تیرۆریستیەکاندا بدرێت .
ھەروەھا دووپاتیشیان کردەوە کە پێویستە ھەمواری بەشێک لەو پێناسانە بکرێت کە لە یاساکەدا ھاتووەو زۆر تێبینی تر.
ھەر لەسەر ھەمان تەوەر ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە جەختیان لەسەر گرنگی سازدانی چەند وۆرکشۆپێکی ھاوبەش و تێروتەسەل کردەوە، بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی تێبینیەکان، لە پێناو ئامادەکردنی ڕەسنووسی کۆتایی پرۆژە یاساکە.
ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٣/٨/٢