لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمان میوانداری بەڕێز پارێزگاری بابل دەکات

لیژنەی ھەرێم و ئەو پارێزگایانەی ھەرێمێك پێکناھێنن، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٣/٩/٢١ بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار خالید دەڕاجی سەرۆکی لیژنەو بەئامادەبوونی ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەکە، میوانداری بەڕێز ویسام ئەسڵان سعود پارێزگاری بابل و شاندی یاوەری کرد، لە بارەگای لیژنەکە لەناو ئەنجومەنی نوێنەران.
لەپاش بەخێرھاتن لە بەڕێز پارێزگارو ئامادەبووان لەلایەن سەرۆکی لیژنەو لەمیانی میوانداریەکەدا کەوا چەند پەرلەمانتارێکی پارێزگای بابل ئامادەیبوون، تاوتوێی ئەو نوسراوانە كرا کە لەلایەن پەرلەمانتارانی نوێنەری پارێزگای بابل بۆ پارێزگا نێردراوە، ھەروەھا تاوتوێكردنی‌ ئەو دەسەڵاتانەی کە دراوە بە ئەنجومەنی پارێزگا بە وەکالەت لە بەڕێوەبردنی کاروباری دارایی و کارگێڕی و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی هەر کەموکوڕییەک تێیدا.
لەلایەکی ترەوە گفتوگۆکرا سەبارەت بە میکانیزمی‌ دابەشکردنی زەوی لە پارێزگاکە، ھەروەھا چەندین پرسیار لەلایەن ئامادەبووانەوە ئاراسته‌ کران، کە بەڕێز پارێزگار وەڵامی ھەندێک لە پرسیارەکانی دایەوەو بەڵێنیشیدا لە ئایندەیەکی نزیکدا بە نوسراو وەڵامی ئەو پرسیارانەی کە ماوە بداتەوە.
سەرباری ئەوەش لیژنەکە داوای چارەسەرکردنی سەرجەم ئەو پرس و بابەتانەی کرد، کە باسیان لەبارەوە کراو پەلە بکرێت لە دیاریکردنی یەکێک لە جێگرانی پارێزگار بە فەرمانێکی کارگێڕی بۆ سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی ئەنجومەنی پارێزگا، تاوەکو ئەنجومەنی پارێزگای نوێ ھەڵدەبژێردرێت.
لە کۆتایی میوانداریەکەدا ڕێکەوتن كرا لەسەر بەردەوامبوونی دیدارو کۆبوونەوەی‌ هاوبه‌ش، بە مەبەستی کارکردن بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم ئەو کێشەو لەمپەرانەی کەوا ڕووبەڕووی کاری پارێزگاکە دەبێتەوە.

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٣/٩/٢١