لیژنەی ھەرێمەکان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەبەستێت بۆ تاوتوێکردنی بەرنامەی کارەکانی
لیژنەی ھەرێم و ئەو پارێزگایانەی ھەرێمێك پێکناھێنن، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٣/٧/١٧، بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار خالید دەڕاجی سەرۆکی لیژنەو بە ئامادەبوونی ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەکە، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە بارەگای لیژنە لە ئەنجومەنی نوێنەران بهست، بۆ تاوتوێکردنی بڕگەکانی ناو بەرنامەی کاردا.
لە دەستپێکی دیدارەکەدا تاوتوێی بڕگەکانی ناو بەرنامەی کار کرا، کە گرنگترینی لێکۆڵینەوە بوو سەبارەت بە دەنگدان لەسەر یاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە، دوای تەواوکردنی خوێندنەوەی دووھەم بۆ یاساکە لە وەرزی یەکەمی یاسادانانی ساڵی دووەمی یاساداناندا. بەو پێیەش ڕێکەوتن کرا لەسەر بەرزکردنەوەی یاساکە بۆ دەنگدان لە سەری لە نزیکترین دانیشتنی ئەنجومەندا، پاش بە دەستگەیشتنی وێنەو نەخشەکانی پارێزگای ھەڵەبجە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەشێوەیەکی فەرمی بۆ لیژنەکە.
تەوەرێکی تری گفتوگۆکان تایبەت بوو بە ڕێکەوتن لەسەر ئامادەکردنی نەخشەو پلانێک بە مەبەستی سەردانی مەیدانی لیژنەکە بۆ پارێزگاکان بە شێوەیەکی بەردەوام و ھەستان بە ڕۆڵی چاودێری و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە کاری پارێزگارەکان و فەرمانگەو دامەزراوە حکومیەکان لە پارێزگاکاندا.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، لیژنە ڕاسپاردەی دەرکرد بە ناردنی نوسراو بۆ ھەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانانی فیدراڵی، سەبارەت بە پرۆژەیاسای ئاسایشی خۆراک بۆ سەرجەم پارێزگاکان و ڕێژەی تەواوبوونی، ھەروەھا ناردنی نوسراو بۆ سەرجەم پارێزگارەکان بە مەبەستی زانینی تەواوبوونی پرۆژە وەبەرھێنانەکان لە پارێزگاکەدا.
ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٣/٧/١٧