لیژنەی ھەرێمەکانی پەرلەمان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دهبهستێت بۆ تاوتوێکردنی بەرنامەی کار
لیژنەی ھەرێم و ئەو پارێزگایانەی ھەرێمێك پێکناھێنن، ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢٣/٩/٩، بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار خالید دەڕاجی سەرۆکی لیژنەو بە ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە بارەگای لیژنەکە لە ئەنجومەنی نوێنەران بەست.
لە میانەی دیدارەکەدا کە ڕاوێژکاری یاسایی لیژنە ئامادەیبوو، تاوتوێی ھەندێ لە بڕگەکانی بەرنامەی کار کرا، کە گرنگترینی بریتیبوو لە سەردانی ئەم دواییەی لیژنەکە بۆ پارێزگای موسەننا، بە مەبەستی دەرخستنی ڕاستیەکان سەبارەت بەو سکاڵایەی کە لەلایەن پەرلەمانتارێکی پارێزگاکەوە پێشکەشکرابوو و ڕێکەوتن لە سەر ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک لەو بارەیەوەو پێشکەشکردنی بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران.
تەوەرێکی تری گفتوگۆکان تایبەت بوو بە پەیڕەوی ناوخۆی کاروباری لیژنە، کە لەلایەن ڕاوێژکارانی لیژنەکەوە ئامادەکرابوو، پاشان دەنگی لە سەردراو بڕیاردرا بەرز بکرێتەوە بۆ بەڕێز جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران.
ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٣/٩/٩