لیژنەی ھەرێمەکانی پەرلەمان لەمیانەی کۆبونەوەی ئاسایی خۆیدا کۆمەڵێک دۆسیە تاوتوێی دەکات

لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان و ئەو پارێزگایانەی ھەرێمێک پێکناھێنن بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار خالید دەڕاجی و بەئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە،ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢٤/٣/٢٥ کۆبونەوەی ئاسایی خۆی بەست لە بارەگای سەرەکی لیژنەکە لەناو ئەنجومەنی نوێنەران.
لەمیانەی دیدارەکەدا تەماشای ئەو ڕاپۆرتانە کرا کە لەلایەن ئەندامانی لیژنەکەوە سەبارەت بە بارودۆخی پارێزگاکان ئامادەکرابوون ، وەھەروەھا دوایین ئەو گۆڕانکارییانەش کەلەدوای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ھاتوونەتە ئاراوە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.
ھاوکات لەکۆبونەوەکەدا تاوتوێی ڕاسپاردەی لیژنەکە کرا لەدوای سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا بڕیاریدا بەناردنی بانگھێشتنامەیەک بۆ میوانداریکردنی وەزیری پەروەردە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بڕیاری داخستنی نوێنەرایەتی وەزارەت لەو خوێندنگایانەی کە تایبەتن بە خوێندکارانی بەڕەگەز عەرەب کە نیشتەجێی ھەرێمی کوردستانن،ھەروەھا قسەکردن لەگەڵ نوێنەری حکومەت لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران،بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ھەندێک دۆسییەی پەیوەست بەکاری پارێزگاکان وھەرێم.
لەکۆتایی کۆبونەوەکەدا لیژنەکە جەختی لە بەردەوامبوون لە ڕێوشوێنەکانی چاودێریکردن لەسەر پارێزگاکان و کاری پارێزگارەکان و سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان کردەوە، بەپێی ئەو ئەرکانەی کە بەپێی یاسا و لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەراندا پێی سپێردراوە .

 

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٤/٣/٢٥