لیژنەی ھەرێمەکانی پەرلەمان سەردانی بینای دیوانی پارێزگای بەسڕە دەکات
لیژنەی ھەرێم و پارێزگاکان و ئەو پارێزگایانەی ھەرێمێك پێکناھێنن بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار کوردۆ عومەر جێگری سەرۆکی لیژنەو پەرلەمانتار شێروان دوبەردانی و ڕاوێژکاری یاسایی لیژنەکەو سکرتێری لیژنە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠٢٣/٨/١٠ سەردانی بینای دیوانی پارێزگای بەسڕەی کرد.
دکتۆر زرغام عارف ئەجوەدی یاریدەدەری کارگێڕی پارێزگارو کاربەڕێکەری ئەنجومەنی پارێزگای بەسڕە، پێشوازی لە شاندەکە کردو کۆبوونەوەیەک لەگەڵ لێپرسراوی بەشەکانی ئەنجومەنی پارێزگا بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا پەرلەمانتار شێروان دوبەردانی ئاماژەی بە گرنگی سەردانەکانی لیژنەکە بۆ سەرجەم پارێزگاکان و لە نێوشیاندا پارێزگای بەسڕە کرد، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە شێوازی بەڕێوەچوونی کارەکان لە پرۆژە خزمەتگوزاریەکاندا، ھەروەھا تاوتوێی گرنگترین ئەو پرسانەش کە تایبەتن بە کەلوپەلەکانی ئەنجومەنی پارێزگاو زانینی پێداویستیەکانی تایبەت بۆ قۆناغی داھاتوو کەوا بڕیارە پێش کۆتایی ئەم ساڵ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەڕێوەبچێت، ووتیشی پێویستە پارێزگاری لە کەلوپەل و ئۆتۆمبیلەکانی ئەنجومەن بکرێت بەو پێیەی ئەمانەتن و لە ئەستۆی ئەواندان، وە پێویستیشە دواتر ڕادەستی ئەنجومەنی ھەڵبژێردراوی نوێ بکرێن.
لەلایەکی دیکەوە گفتوگۆکرا سەبارەت بە یاسای پارێزگاکان ژمارە ٢٠ ی ساڵی ٢٠٠٨ ی ھەموارکراو و پێویستی ھەموارکردنەوەی یاساکە، بە شێوازێک کە بگونجێت لەگەڵ بابەتە یاسایی و کارگێڕی و داراییەکان کە تایبەتن بە دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی پارێزگا.
لە لای خۆیەوە بەڕێز زرغام پەرۆشی خۆی بۆ پەیوەندی لە گەڵ حکومەتی خۆجێی پارێزگای بەسڕەو ھەڵوەستەکردن لەسەر کارەکانی دەربڕی، ئەمەش لە پێناو پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە ڕۆڵەکانی پارێزگاکەو جەختیشیکردەوە کەوا زۆر پێویستە بینای ئەنجومەنی پارێزگا تەواو بکرێت، لە کاتێکدا کارکردن تیایدا بەھۆی ئەو قەیرانە داراییەی کە لە ساڵی ٢٠١٥ ڕوویداو کەمی پارەی تەرخانکراو ڕاگیراوە.
ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٣/٨/١١