لیژنەی کار و دامه‌زراوه‌كانی‌ کۆمەڵگەی مەدەنی میوانداری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی کار و ڕاهێنانی پیشەیی دەکات

ڕۆژی دووشەممە 14/10/2024 لیژنەی کار و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانتار حوسێن عەرەب جێگری سەرۆکی لیژنەکەو بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی لیژنە، میوانداری بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی کار و ڕاهێنانی پیشەیی بەڕێز ئوسامە مەجید کرد.
لە میانەی میوانداریکردنەکەدا کۆنتڕۆڵ و ڕێنماییەکانی پێدانی قەرز لەوانە مەرجەکانی پێشکەشکردن و بەڵگەنامە پێویستەکان و بڕی پارەی تەرخانکراوی فەرمانگەکە بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژە بچووکەکان و هەروەها ژمارەی سوودمەندەکانی قەرز و پڕۆژە تەواوکراوەکان و ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە وۆرکشۆپی ڕاهێناندا تۆمارکراون و ڕاهێنراون و ڕاپۆرت و ئامارەکانی پەیوەست بە کاری فەرمانگەکە و چالاکییە پەیوەندیدارەکان و پاڵپشتی پرۆژەکان و ئامادەکردنی ڕاهێنان و لیژنە پێکهێنراوەکان و توێژینەوەی دارایی و پلانی کاری وەزارەت تاوتوێ کران .
هەروەها ڕادەی کاری فەرمانگەی کار و ڕاهێنانی پیشەیی لەبەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژییەکان و سەرکەوتنی وەزارەت لەجێبەجێکردنی پلانە نیشتمانییەکانی پەیوەست بەکار و ڕاهێنانی پیشەیی و پەرەپێدانی چارەسەری گونجاو بۆ پلانی دامەزراندن و کەمکردنەوەی بێکاری و جۆر و چۆنیەتی پرۆگرامەکانی ڕاهێنان و دۆسیەی کرێکارانی بیانی و کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکان، بەگوێرەی چۆنیەتی پرۆگرامەکان و پلانە ستراتیژییەکانی پێشکەشکراو و گونجاندنیان لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار و چۆنیەتی نوێکردنەوەی پرۆگرامەکانی ڕاهێنان بەگوێرەی گۆڕانکارییە تەکنیکی و زانستییەکان و ڕێوشوێنەکانی وەزارەت لەکەمکردنەوەی ڕۆتینی ڕۆژانەی فەرمانگەکەو کەمکردنەوەی تەوژمی پێداچوونەوەکان تاوتوێ کران.
لەلایەکی دیکەوە لیژنەکە پێداچوونەوە بە دۆسیەی کرێکارانی بیانی کرد، بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی لە ڕێگەی بەڵگەنامە فەرمییەکان و تۆمارکردنی یاسایی، بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی پێویست پێش دەستپێکردنی کارکردن و دڵنیابوون لە پابەندبوون بە هەموو یاسا ناوخۆییەکانی پەیوەست بە کرێکاری بیانی و هەروەها ڕێزگرتن لە مافەکانی کرێکاران و دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ کارکردن و چاودێری ئامادەکردنی گرێبەستی دامەزراندنی ڕوون، کە هەموو وردەکارییە پێویستەکانی وەک مووچەو کاتژمێرەکانی کارکردن و سوودەکان لەخۆ دەگرێت، جگە لە دابینکردنی پرۆگرامی ڕاهێنان بۆ ئاشناکردنی کرێکاران بە ئەرک و پێداویستییەکانی کارو دابینکردنی پاڵپشتی و ڕێنمایی بۆ کرێکاران، بۆ دڵنیابوون لە گونجاندنیان و هەڵسەنگاندنی خولی ئەدای کار و دڵنیابوون لە بەدیهێنانی ئامانجە پێویستەکان و زیادکردنی چانسی سەرکەوتن.

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
١٤ / ١٠ / ٢٠٢٤