لیژنەی کارەبا لەگەڵ کۆمپانیای فوڕاتی ناوەڕاست پلانی بۆ سەردانیکردنی چلە تاوتوێ دەکات
لیژنەی کارەباو وزەی پەرلەمان بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار موحەمەد نوری عەبد ڕەببە سەرۆکی لیژنەو بە ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠٢٣/٨/١٣ میوانداری بەڕێز سەرمەد عەلی جابر بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی دابەشکردنی فوڕاتی ناوەڕاست و بەڕێوەبەرانی لقی پارێزگاکانی دیوانیەو کەربەلاو نەجەف و بابل کرد، بۆ تاوتوێکردنی ئەو پلانەی ئامادەکراوە بۆ پێشوازیکردن لە سەردانیکەرانی چلەی شەھیدکردنی پێشەوا حوسێن سەلامی خوای لێبێت، ھەروەھا پلانی ئامادەکراو بۆ دابینکردنی کارەبا.
سەرۆکی لیژنەکە بە خێرھاتنی میوانەکانی کردو ئاماژەی بەوەکرد كه مەبەست لە میوانداریکردنەکە بەرچاوڕوونی زیاترە لە سەر شێوازی کارکردن و ئەو بەربەستانەی کە ڕووبەڕووی جێبەجێکردنی پرۆژەکان دەبێتەوە، ووتیشی گرنگە کەوا ھەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ بەدووربوون لە ھەڵەو كەموكورتیەکان، ھەروەھا داوایکرد سەرجەم پرۆژە تەواوکراوەکان و ئەوانەش کە دواکەوتووە کە لە یاسای ئاسایشی خۆراک و گەشەسەندنی ھەرێمەکان پارەیان بۆ تەرخانکراوە، بە نوسراوێکی فەرمی بۆ لیژنەکەی بنێرن بۆ پێداچوونەوەو تەماشاکردن.
لیژنەکە سەرنجی خستەسەر ئەو ئامادەکارییانەی کە ئێستا دەکرێت بۆ سەردانیکردنی چلەو پێشوازی لەو ھاوڵاتیانەی کە لە دەرەوەی عێراقەوە دێن و سەردانی کەربەلای پیرۆزو ناوچەکانی دەوروبەری دەکەن.
لەلای خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتی فوڕاتی ناوەڕاست دووپاتیکردەوە کەوا لە ٪٩٥ ی کارەکان بۆ کەمکردنەوەی لۆد تەواو بووە، جگە لە پلان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی وەرزی ھاوین و ئامادەکردنی محاویلەو کێبڵ، وەک ئامادەکارییەک بۆ وەرزی زستان، ھەروەھا ٨١ گرێبەستیش واژوکراوە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان لە پێناو ھاوسەنگ ڕاگرتنی لۆد لەکاتی دابینکردنی کارەبا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا باسی تەرخانکردنی پارە کرا، بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و ئەگەری زیادکردنی ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ دابینکردنی کارەبای ئەو پڕۆژانە تەرخانکراوە.
سەرۆکی لیژنەکە فەرمانیکرد بە میوانداریکردنی ھەردوو کۆمپانیای دابەشکردن و گواستنەوەی ناوچەی فوڕاتی ناوەڕاست دوای کۆتایی ھاتنی سەردانیکردنی چلە، بە مەبەستی ڕاوەستان لە سەر ئەو کێشانەی دەبنە لەمپەر لەبەردەم کارەکاندا .
ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٣/٨/١٣