لیژنەی کارەبای پەرلەمان بەشداری لە کۆڕبەندی ڕووبەڕووبوونەوەی بە بیابانبوون لە ڕیاز دەکات
پەرلەمانتار ئامانج مەحمود ھەرکی، نوێنەری لیژنەی کارەبا و وزەی پەرلەمان ھاوکات سەرۆکی لیژنەی لاوەکی وزە نوێبووەوەکان و بەڕێز جاسم عەبدولعەزیز بریکاری ھونەری وەزارەتی ژینگە و بەڕێز موستەفا زەنگەنە بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پاراستن و باشترکردنی ژینگە لە ناوچەی باکور، بەشدارییان لە چالاکییەکانی خولی شازدەیەمینی کۆڕبەندی لایەنەکانی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بە بیابان بوون COP16 کرد، کە لە ڕیازی پایتەختی سعودیە بەڕێوەچوو.
پەرلەمانتار ئامانج ھەرکی لە میانی کۆڕبەندەکە کۆمەڵێک دەسپێشخەریی و پلانی نیشتمانی پەیوەست بە گەشەسەندنی بەردەوام و وزەی نوێبووەوە و ھەروەھا بەڕێوەبردنی ژینگەیی خستەڕوو، ھاوکات باسی لەو پرۆژانە کرد کە پێشنیارکراون، بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی بە بیابانبوون و ھەوڵدان بۆ سەوزکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە لە ڕووی ژینگەییەوە زیانیان بەرکەوتووە.
لە کۆڕبەندەکەدا کە نوێنەری وڵاتان ئامادەبوون، گفتوگۆی چڕ ئەنجامدرا سەبارەت بە چارەسەری داھێنەرانە بۆ چۆنیەتی مامەڵەیەکی دروست لەو ڕووبەرە زەوییانەی کە زیانیان بەرکەوتووە و ھەروەھا بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوھەواو بڕیار لەسەر بەیاننامەی کۆتایی و ڕاسپاردەکانی کۆڕبەندی COP16 درا.
پەرلەمانتار ئامانج ھەرکی ئەندامی لیژنەی کارەباو وزەی پەرلەمان دووپاتیکردەوە کە عێراق پێداگیرە لەسەر پتەوکردنی ستراتیژە نیشتمانیەکانی لەڕێی ھاریکاری لەگەڵ وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان، جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی سەرچاوەکانی وزەی نوێبووەوە وەک بەشێک لە چارەسەرە ژینگەیی و ئابورییەکان کردەوە.
عێراق کۆتایی بە بەشداریکردنی لە کۆڕبەندەکە ھێنا بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کەوا پتەوکردنی کاری پێکەوەیی لەگەڵ ھاوبەشە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و پێشینەی ستراتیژیی وڵاتەکەیە، ئەوەش لەپێناو بەدیھاتنی ئامانجەکانی گەشەسەندنی بەردەوام و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ژینگەییەکان، کە دەبنە ھەڕەشە بۆ سەر نەوەکانی ئاییندە.
ئەنجومەنــی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٤/١٢/١٢