لیژنەی کارەباو وزە لەگەڵ وەزیری کارەبا گفتوگۆی چەند پرسێکی گرنگ دەکات

ڕۆژی دوو شەممە بەرواری ٥ ی ئەیلول لیژنەی کارەباو وزەی پەرلەمانیی بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار خالید حەسەن سامەڕایی سەردانی وەزارەتی کارەبای کرد و چاوی کەوت بە بەڕێز عادل کەریم وەزیری کارەباو کادرە پێشکەوتووەکانی وەزارەت، لەمیانی سەردانەکە چەندین پرسی گرنگ كه‌ پەیوەستن بە ژیانی ھاونیشتیمانیانەوە تاوتوێكران.
سەرۆکی بەتەمەنی لیژنە پەرلەمانتار خالید حەسەن پرسی پارەی تەرخانکراوی خستە بەرباس کە لە یاسای ئاسایشی خۆراک دابین کرابوو وە میکانیزمی خەرجکردنی بوودجەی تەرخانکراو بە پێی ١/١٢ و ھەروەھا پرسیاری‌ كرد دەربارەی پلانی وەزارەت سەبارەت بە تەواوکردنی وێستگە گازیەکان و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دابەزینی ڤۆڵتی، و ئەگەری زیادکردنی وێستگەکان و ھێڵی ٤٠٠ کەی ڤی و پێویستیی دامەزراندنی وێستگەی نوێ لە سەرتاسەری عێراق بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کارەباو جێبەجێ کردنی ھێڵی کارەبای تورکیا بۆ پارێزگای نەینەوا.
ھەر لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا تاوتوێی ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی زستان کراو ، وتیشك خرایه‌سه‌ر جێبەجێ کردنی پرۆسەی چاککردنەوەی بەردەوام لە نەبوونی یاسای بوودجەی گشتی دا، جەختیش کرایەوە لەسەر نوسراوی لیژنە تایبەت بە دابەشبوونی لۆد بەسەر سەرجەم وێستگەکان بەشێوەیەکی یەکسان.
لەبەشێکی تری دانیشتنەکەدا لیژنەی کارەباو ووزە جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی دانانی وێستگەی گەرمی ( ھەڵمی) لەبەر جێگریی لەکارکردن و به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کاریگەریان نابێت لەسەر کارکردنی ئەو وێستگانە.
ھەروەھا باسی‌ سەرلەنوێ بەگەڕخستنەوەی وێستگەی باکوور ( حەمام عەلیل) و وێستگەی یوسفیەو پێویستی ئەو ناوچانە پێیان كرا، له‌ گه‌ڵ زیادکردنی چەند یەکەیەکی بەرھەمھێنان بۆ وێستگەی سەڵاحەدین لەبەر فەراھەم بوونی چەند ڕەگەزێک و گونجاویی لە ڕووی (ھێڵەکان.ئاو. شوێنی گونجاو) و جێ بەجێ کردنی پرۆژەی بەرھەمھێنان لە ڕێی ووزەی خۆرەوە.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا چەندین پرسی گرنگ خرانە بەر باس لەوانە ئەو کێشانەی کە ڕوبەڕووی بازنەکانی دابەشکردن بوونەتەوەو وەک نەبوونی ستوونی کارەباو تەل و محاویلەو ناجێگیریی لە پێدانی کارەباو زیادبوونی کوژانەوەو دابەزینی ڤۆڵتی.
لەلای خۆیانەوە ئه‌ندامانی‌ لیژنە داوایان لە وەزارەت کرد نوسراوی تایبەت بە پلان و کارو کێشەکانیان و دابین کردنی سوتەمەنی و دیاریکردنی بڕی بوودجەی پێویست ئاراسته‌ی‌ لیژنه‌ بكه‌ن تاوەکو ڕەزامەندی خۆیانی لەسەر بدەن.
لەکۆتایی دانیشتنەکەدا وەزیرو کادرە پێشکەوتووەکانی وەزارەت دەرخستەیەکیان سەبارەت بە ئامادەکارییەکان و پلان و کاری وەزارەت پێشکەش کرد، ھەروەھا هه‌ردوولا جەختیان کرده‌وه‌ لەسەر کاری ھاوبەشی نێوان ھەردوولاو ڕۆحیەتی کاری پێکەوەیی و ھەماھەنگی بەردەوام بەمەبەستی کەمکردنەوەی بەربەستەکان و کاری زیاتر لەپێناو بەدیھاتنی ئامانجی دیاری کراو.