لیژنەی کارەباو وزەی پەرلەمان لەگەڵ بریکاری وەزارەتی ژینگە یاسای ڕێکخستنی وزەی نوێبووەوە تاوتوێدەکات
لیژنەی کارەباو وزەی پەرلەمان، بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار موحەمەد نوری عەبد ڕەبە سەرۆکی لیژنەو بە ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە، ڕۆژی سێشەممە ٢٠٢٣/٨/٨ لە بارەگای لیژنە، میوانداری دکتۆر جاسم فەلاحی بریکاری ھونەری وەزارەتی ژینگەو خاتوو شەیما موزھر بڕیاردەری دەستپێشخەری نیشتمانی بۆ باشترکردنی وزەو بەڕێوەبەری کوالیتی لە وەزارەتی کارەبا کرد، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێگەیاندنی یاسای ڕێكخستنی وزەی نوێبوەوەو دەستپێشخەری نیشتمانی بۆ باشکردنی وزەو کێشەو لەمپەرەکان و چارەسەرەکان، لە پێناو پارێزگاریکردن لە ژینگەو زیاد بەرھەمھێنانی وزە.
لە دەستپێکی میوانداریەکەدا بەڕێز سەرۆکی لیژنە بەخێرھاتنی میوانەکانی کردو جەختیکردەوە لەوەی کەوا جیھان ئەمڕۆ ھەنگاو دەنێت بهرهو بەکارھێنانی وزەی خاوێن و نوێبوەوەکان، لەو پێناوەشدا بەرەوپێشچوونی گەورەی بەخۆیەوە بینیوەو ئاماژەی بە پێویستی دیدگای ھاوبەش و ھەنگاوی کرداری کرد، بۆ گەیشتن بە دەرەنجامێکی قبوڵکراو، ھەروەھا ڕوونیشیکردەوە کەوا لیژنەکە کاردەکات بۆ ھاندانی لایەنە جێبەجێکارەکان بۆ خێراکردنی کارەکانی.
لەلای خۆیەوە دکتۆر جاسم فەلاحی بریکاری ھونەری وەزارەتی ژینگە، دووپاتیکردەوە کەوا پەنابردن بۆ بە کارھێنانی وزەی نوێبوەوە یەکێکە لە ڕێگا پێویستەکان کەدەبێتە ھۆی پڕکردنەوەی کەمی بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا، شانبەشانی وڵاتانی جیھان و ئاماژەشی کرد بە دەرەنجامەکانی کۆنفرانسی ڕێککەوتنی پاریس، کە عێراق بەشداری تێدا کرد، كه هاندان بوو بۆ هەنگاونان بەرەو وزەی نوێبووەوە، بۆ بەردەوامیی وزەو باشترکردنی شێوازی کارکردن، سەرباری ئەوەش ئێستا وڵاتان ڕوو دەكەنە زیادکردنی سەرچاوەکانی ئابوری و کەمکردنەوەی دەردراوە ژەھراویەکان.
بریکاری ھونەری لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی کرد بە ھەبوونی بڕیارێک کە ھەتا ساڵی ٢٠٣٥ ھیچ ئوتومبێلێک نەمێنێت کە بە سووتەمەنی کار بکات.
لیژنەکە داوای سەرجەم بیروبۆچوون و تێبینیەکانی لە سەر ڕەشنووسی یاسای ڕێکخستنی وزەی نوێبووەوەی کرد، تاوەکو لێیبکۆڵنەوەو بەراوردی بکەن لەگەڵ ھەندێک لە وڵاتان وە دیدێکی ڕوون سەبارەت بەیاساکە دەرببڕن و تێبینیەکان لە سەری بخەنەڕوو لەکاتی خوێندنەوەی یەکەمدا لە ئەنجومەنی نوێنەران، پاشان لیژنەکە بڕیاریدا سەردانی ھەندێک لەو فەرمانگانە بکات کەوا وزەی نوێبووەوە بەکاردێنن، ئەمەش بە مەبەستی جێبەجێکردنێتی بە شێوەیەکی دروست.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی بابەتی دەستپێشخەری نیشتمانی بۆ باشکردنی وزە لە وڵاتدا كراو باشترکردنی توانای بەرھەمھێنانی کارەباو کەمتر بەکارھێنانی سووتەمەنی و پێشخستنی ژێرخان، و زیادکردنی بەکارھێنانی وزەی نوێبووەوەو زیادکردنی توانای بەرھەمھێنان بۆ تۆڕی کارەباو باشکردنی کوالێتی دابەشکردن، ھەروەھا پێشخستن و نوێکردنەوەی وێستگەکانی بەرھەمھێنان، و ھاندانی بەکارھێنانی وزەی نوێبووەو جێبەجێکردنی پرۆژەکانی وزەی خۆرو و با.
ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٣/٨/٨