لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی لە ڕاوێژکاری سیاسی لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەکات

ڕۆژی یەکشەممە 19ی ئایار، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە په‌رله‌مانتار دیلان غەفور ساڵح، پێشوازی لە ڕاوێژکاری سیاسی لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا خاتوو میشێل سایدەرز و شاندی یاوەری کرد، بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی پەرلەمان و گفتوگۆکردن لەسەر سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ واشنتۆن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق.
سەرۆکی لیژنەکە لەگەڵ شاندی باڵیۆزخانەی ئەمریکا تاوتوێی ئەگەری هاریکاریی پەرلەمانی نێوان ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکاو ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی لەڕێگەی ئاڵوگۆڕی ئەزموون و سەردانەوە کرد.
په‌رله‌مانتار دیلان غەفور پێشنیاریكرد كه‌ بانگهێشتی هاوتاکەی لە کۆنگرێسی ئەمریکا بکات بۆ سەردانی عێراق و ئەنجومەنی نوێنەرانی‌ عیراق.
له‌لای خۆیەوە خاتوو میشێل سایدەرز جەختیكرده‌وه‌ لە سه‌ر پێویستی کاركردنی‌ هاوبەش له‌ نێوان هەردوولاو ئامادەیی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدای پێشاندا بۆ هەماهەنگی و کردنەوەی ئاسۆی هاوکاری لە هەموو بوارەکاندا بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات بکات.

فه‌رمانگه‌ی‌ ڕاگەیاندن
ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران
٢٠ی ئایاری ٢٠٢٤