لیژنەی وەبەرھێنان و گەشەپێدانی پەرلەمان بەشداری لە سیمینارێکدا دەکات بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرۆژە یاسای ئەنجومەنی فیدراڵ
ڕۆژی دووشەممە، بەچاودێریی بەڕێز موحەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، پەرلەمانتار حەسەن قاسم خەفاجی سەرۆکی لیژنەی وەبەرھێنان و گەشەپێدانی پەرلەمان، بەشداری لە سیمینارێکی دیالۆگیدا کرد، کە تایبەتبوو بە تاوتوێکردنی ڕەشنووسی پرۆژە یاسای ئەنجومەنی فیدراڵ، سیمینارەکە لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی حکومەتدایە، بۆ بەھێزکردنی بواری یاسادانان و زامنکردنی گەیشتن بە ئاستی ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو لە بوارەدا.
لەلایەن ئامادەبووانەوە سەرجەم بڕگەکانی ڕەشنووسی یاساکە تاوتوێکراو ھەروەھا بەراوردکاری لەگەڵ سیستەمە یاساییە نێودەوڵەتییەکان کرا، لەگەڵ سەرنج خستنەسەر چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی دەرکردنی یاسا عێراقییەکان، بەئامانجی بەدیھاتنی باشترین دەرئەنجام کە بەشداربێت لە بەھێزکردنی ڕۆڵی ئەنجومەنی فیدراڵ، لەچوارچێوەی سیستەمی یاسادانانی وڵاتدا.
لەلای خۆیەوە خەفاجی جەختی لە گرنگی ئەم کۆڕو سیمینارە دیالۆگیانەکردەوە، بەمەبەستی پتەوکردنی ھاریکارییەکان لە نێوان لایەنە جیاوازەکاندا، ھەروەھا ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەم پرۆژە یاسایە بەشدار دەبێت لە پشتیوانیکردن لە سەقامگیری یاسادانان و بەدیھاتنی گەشەسەندنی بەردەوام، بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونە سەرکەوتووەکان لەسەر ئاستی جیھان.
ئەنجومەنــی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٤/١٠/٢٩