لیژنەی مافی مرۆڤ لەگەڵ تیمی به‌رنامەی نەتەوه یەکگرتووەکان تاوتوێی‌ دۆسیه‌ی‌ پێشخستنی دادپەروەری ژینگه‌و سەروەری یاسا ده‌كات

لیژنەی مافی مرۆڤ بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار وەحدە جومەیلی جێگری سەرۆکی لیژنەکەو بە ئامادەبوونی پەرلەمانتاران زوهیر فەتلاوی و زەینەب موسەوی، ڕۆژی سێشەممە، لە گەڵ شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوتوێی‌ بەرنامەی پەرەپێدانی‌ دۆسیەکانی بەڕێوەبردن و ژینگەو هەڵسەنگاندنی بەرنامەسازی و ئاستەنگەکان و دەرفەتەکانی پەیوەست بە دادپەروەری ژینگەیی و بەهێزکردنی توانستی سەروەری کەرتەکانی یاسا لە عێراق كرد .
لە میانی میوانداریەکەدا کە لە بارەگای سەرەکی لیژنە بەڕێوەچوو، شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان پێداچوونەوەیان بە کارەکانی بەرنامەکەیان کرد، بۆ دابینکردنی پشتیوانی و هەڵسەنگاندن لە چوارچێوەو دەرفەتەکانی پەیوەست بە دۆخی‌ ژینگەیی و گۆڕانی کەشوهەواو بەهێزکردنی تواناکانی کەرتەکانی پەیوەندیدار بە سەروەری یاسا بۆ دڵنیابوون لە دادپەروەری ژینگەیی لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دادوەری و یاسادانان و حکومەت، بۆ پەرەپێدانی چوارچێوەیەکی یەکخراو و چاکسازی ژینگە لەگەڵ هاوبەشەکانی UNDP و تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان.
تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە گرنگی پێداچوونەوە بە هەندێک یاسای پەیوەندیدار بە بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ کرد، بەتایبەتی مافی مرۆڤ بۆ ژینگەیەکی پاک و بەردەوام، هەروەها خواستی خۆیان دەربڕی بۆ کارکردن لەگەڵ لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان و هاوبەشیکردن لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی دیکە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنانەی کە لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤدایە.
لای خۆیەوە پەرلەمانتار وەحدە جومەیلی ڕوونیکردەوە کە عێراق ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورەی کەشوهەواو ژینگەیی دەبێتەوە، بەتایبەتی لەبواری‌ کەمی ئاو و بە بیابانبوون و گەرمبوونی زەوی و سەرنەکەوتنی ئازادکردنی بەشە ئاوییەکانی عێراق لە تورکیاو ئێران، کە بووە هۆی ئاوارەبوونی هاوڵاتیان لە گوندو لادێیه‌كان بۆ شارە سەرەکییەکان و بووە هۆی بڵاوبوونەوەی بێکاری و نەبوونی هەلی کار بۆ گەنجان و ئاماژەی بەوەشکرد کە هەوڵەکانی تیمی یونامی بۆ پشتیوانیکردنی عێراق لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا جێی سەرنج و پێزانینە.
هەروەها جومەیلی جەختی کردەوە لەسەر گرنگی برەودان بە کەلتووری مافەکانی مرۆڤ لەڕێی دابینکردنی پشتیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لیژنەی پەرلەمان لە بواری یاسادانانی یاساو بڕیارەکان کە بەشدارن لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان و بەدیهێنانی ژینگەیەکی گونجاو بۆ ژیان و ئاماژەی بە گرنگی ئەنجامدانی کۆبوونەوەو وۆرکشۆپەکان کرد، بۆ خزمەتکردنی دادپەروەری ژینگەیی و زانینی ئەو ڕێوشوێنانەی کە دەتوانرێت کاری لەسەر بکرێت لە بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەواو سەروەری یاسادا، ئاماژەشی بەوەدا کە لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان پێشنیاری دامەزراندنی دەستەیەکی بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات لە عێراقدا کردووە.

 

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٣٠ / ٥ / ٢٠٢٣