لیژنەی دەستپاکی پەرلەمان میوانداری سەرۆکی دەزگای وەبەرهێنان دەکات بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی نرخاندنی یەکەکانی نیشتەجێبوون و ئەو پێشێلکارییانەی كه‌ له کارەکانیاندا تۆمارکراون

لیژنەی دەستپاکی پەرلەمان بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانتار زیاد ئەلجەنابی و ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنه‌، ڕۆژی چوارشەممە 4 ی ئەیلول، میوانداری بەڕێز حەیدەر مەکیه سەرۆکی کۆمیسیۆنی نیشتمانی وەبەرهێنان و ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی کۆمیسیۆنه‌كه‌ کرد، بۆ تاوتوێکردنی بەرەوپێشچوونی کارەکان و میکانیزمی نرخدانانی یەکەکانی نیشتەجێبوون و پێشێلکارییەکانی تۆمارکراو لە کاری کۆمیسیۆندا .
له کۆبوونەوەکەدا که له بارەگای لیژنه‌ بەڕێوەچوو، لیژنەکه پێداچوونەوه به دۆسیەکانی پەیوەندیدار به میکانیزمی کاری دەزگاکه‌و نرخی یەکەکانی نیشتەجێبوون و چۆنیەتی کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکان كرد، جگە له تاوتوێکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژەی سوتاندنی پاشەڵ و خاشاک و پێشێلکارییەکانی دەزگاو پێدانی چەندین جیاکاری به وەبەرهێنەران، جگە له پڕۆژەکانی دەزگای وەبەرهێنان و ڕێژەی تەواوبوون له ماوەی دیاریکراوداو هۆکارەکانی دواکەوتنی تەواوبوونی هەندێک له پڕۆژەکان .
هه‌ر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دواکەوتنی پڕۆژەکان و هۆکارەکانی دواکەوتنیان و ڕێوشوێنەکانی دەسەڵات لەم بوارەدا کرا، هەروەها مەسەلەی داهاتی هەندێک وەبەرهێنان و سەرچاوەی خەرجکردنیان .
پەرلەمانتار زیاد ئەلجەنابی سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی جەختی لەوە کردەوە کە لیژنەکە بەدواداچوونی کارەکانی وەزارەتەکان و دامودەزگا حکومییەکان و دامودەزگا سەربەخۆکان لەئەولەویەتی خۆی دادەنێت، لەپێناو دڵنیابوون لە برەودان به‌ بەهای دەستپاکی و شەفافییەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ئاماژەی بەوەشکرد کە لیژنەکە پەرۆشە بۆ بەدواداچوونی کارەکانی دەزگای وەبەرهێنان و دڵنیابوون لە بەرەوپێشچوونی ڕێوشوێنەکانی ناردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، بەپێی پێوەرەکانی دیاریکراو و ڕوون و شەفاف بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری لە کێبڕکێی نێوان کۆمپانیاکانی وەبەرهێناندا.
هەروەها پەرلەمانتار ئەلجەنابی ئاماژەی بەوەدا کە لیژنەکە بە سەرجەم ئەندامەکانیەوە بایەخ دەدات بە پاڵپشتیکردنی کاری دامودەزگاکانی دەوڵەت و بەرزکردنەوەی ئاستی کارەکان، بەتایبەتی لەبواری وەبەرهێناندا کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر دۆخى ئابوری و پلانەکانی گەشەپێدان دەبێت، جگە لەپاڵپشتیکردنی وەبەرهێنان لەپێناو خزمەتکردنی هاولاتیان بەپێی پێویست .
له‌لای خۆیەوە ئەندامانی لیژنەکە هیوای خۆیان دەربڕی بۆ زیادکردنی بایەخ بە بابەتەکانی سەر مێزی گفتوگۆ و باشترکردنی ئاستی كاركردن له‌ بوارەکانی پەیوەست بە کاری دەزگای وەبەرهێنان و کەمکردنەوەی حاڵەتە نێگەتیڤەکان کە کاریگەری لەسەر دۆخى کارکردن هەیە .
له‌ كۆتاییدا لیژنەکە بڕیاریدا دانیشتنی میوانداریکردن بە کراوەیی بهێڵێتەوە، بەمەبەستی تەواوکردنی پێداچوونەوە بە دۆخى کارەکانی دەزگای وەبەرهێنان .

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٤ / ٩ / ٢٠٢٤