لیژنەی دارایی میوانداری وەزیری دارایی ده‌كات

‎لیژنەی دارایی بە سەرۆکایەتی ئەندازیار عەتوان عەتوانی و بە ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنە، ڕۆژی شەممە، میوانداری خاتوو تەیف سامی وەزیری دارایی کرد.
‎لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر چەند بابەتێک کرا، لەوانە کۆکردنەوەی ئەلیکترۆنی گومرگ و باج و شایستە داراییەكانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی و ئاستی کارو گرێبەستەکان لە بودجەدا، هەروەها دابینکردنی دارایی پارێزگاکان و ڕێنماییەکان بۆ جێبەجێکردنی بودجە.
‎سەرۆکی لیژنەکە جەختی لەوە کردەوە کە لیژنەی دارایی بە پەسەندکردنی بودجەی گشتی کۆتایی بە کارەکانی ناهێت، بەڵکو بەردەوام دەبێت لە کارەکانی خۆی بۆ بەدواداچوون و دەرکردنی ڕێنماییەکانی جێبەجێکردنی بودجە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان.
‎لە لایەکی دیکەوە، وەزیری دارایی ڕوونکردنەوەیەکی وردی پێشكەش كرد دەربارەی دۆسیەی باج و گومرگ و گرنگی جێبەجێکردنی ئۆتۆماتیکی ئەلیکترۆنی، بۆ ئاسانکردنی مامەڵە داراییەکان و نەهێشتنی گەندەڵی بەربڵاو لە نێوان گومرگ و بەشەکانی باج و نەبوونی ژێرخان لەو سنوورانەی کە ئامێرە مۆدێرنەکان بۆ پەیوەندی ئەلیکترۆنی لەخۆ دەگرێت، لە گەڵ پێویستی پەسەندکردنی یاسای نوێ و هەموارکردنی یاساکان بۆ ئەوەی بتوانین ئۆتۆماتیککردن جێبەجێ بکەین.
‎به‌ڕێزی‌ وتیشی كه‌ وەزارەتی‌ دارایی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی تایبەتدا کردووە، بۆ بە ئۆتۆماتیکیکردنی هەموو خاڵە سنورییەکان سەبارەت بە گومرگەکان، هەروەها بۆ سیستەمی باج و وەزارەت ئێستا ڕاهێنان بە فەرمانبەران دەکات بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە سەر سیستەمە مۆدێرنەکان بۆ هەژمارکردن و کۆکردنەوەی باج.

‎ئەنجوومەنی نوێنەران
‎فەرمانگەی راگەیاندن
٢٠٢٣/٩/٩