لیژنەی دارایی میوانداری سەرۆکی ئەنجومەنی خزمەتگوزاری فیدراڵی ده‌كات

‎لیژنەی دارایی بە سەرۆکایەتی ئەندازیار عەتوان عەتوانی ڕۆژی سێشەممە 15/10/2024، بە ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنه‌، کۆبوونەوەیەکی لە بارەگای لیژنەکە به‌ست، تێیدا سەرۆکی ئەنجومەنی خزمەتگوزاری فیدراڵی بەڕێز مەحمود تمیمی و شاندی یاوەری میوانداری كران، بۆ تاوتوێکردنی بەرەوپێشچوونی کارەکانی ئەنجومەنەکەو لێکۆڵینەوە لە پێویستی ڕاستەقینە بۆ پلەی کار.
‎سەرۆکی لیژنەی دارایی ڕوونیکردەوە کە ئامانج لە دامەزراندنی ئەنجومەنی خزمەتگوزاری لێکۆڵینەوەیە لە پێداویستییە ڕاستەقینەکانی پلەی کار و ڕێکخستنی میکانیزمی کارکردنە، بەگوێرەی ئەو پێداویستییانەو جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ کە زیادکردنی بودجەی بەکارخستن کاریگەری نەرێنی لەسەر بودجەی وەبەرهێنان هەیە.
‎لەم چوارچێوەیەشدا عەتوانی جەختی لەسەر پێویستی پشتیوانی ئەنجومەنی خزمەتگوزاری کردەوە، بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بە تەواوی و لەبەرچاوگرتنی دۆسیەی دامەزراندنی ئەم دواییانەو دابەشکردنیان بەپێی پێداویستی ڕاستەقینە.
له‌‎لای خۆیەوە سەرۆکی ئەنجومەنی خزمەتگوزاری بەڕێز مەحمود تمیمی ئاماژەی به‌وه‌كرد کە ئەنجومەنەکە چەند ساڵێکە بەبێ بودجە کار دەکات و ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر تەواوکردنی ئەو ئەرکانەی پێ سپێردراون، ڕوونیشیکردەوە کە ئەنجومەنەکە بەرپرسە لەدروستکردنی پلەی کار و جێبەجێکردنی دامەزراندن لەکەرتی گشتیدا، بەپێی یاسا کارپێکراوەکان.
‎تمیمی ئاماژەی بەوەدا کە پلەی کار بۆ دەستەی یەکەم دەگاتە 74 هەزار بڕوانامە، لەوانە دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی باڵاو یەکەم و ئەنجومەنەکە لە ئێستادا کار بۆ تەواوکردنی دووەم دەستە دەکات کە 31 هەزار پلەی کار لەخۆ دەگرێت.
‎هەروەها بەڕێز مەحمود تمیمی جەختی لەسەر گرنگی هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی خزمەتگوزاری فیدراڵی کردەوە، سەبارەت بە پێشکەشکردنی داواکاری بۆ خوێندنی باڵا، هه‌روه‌ها تاوتوێی ڕۆڵی ئەنجومەن لەپرۆسەی دامەزراندن و میکانیزمی پەیوەندیکردن لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان بۆ داڕشتنی پێوەرەکانی گەشەپێدان كرا، ‎هەروەها ڕاسپاردەکانی لیژنە پێکهێنراوەکان و ڕاسپاردەکانی ئەنجومەنەکە سەبارەت بە پێداویستی کار و مەرجەکانی وەرگرتن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا تاوتوێکران و تمیمی جەختی لەوە کردەوە کە هەندێک فەرمانگە پێویستیان بە گونجاندنی هەلومەرجی کارکردنیان هەیەو بەشەکانی تر ڕووبەڕووی کەمیی پلەی کار دەبنەوەو ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەنجومەنەکە کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئەو کێشانە ده‌كات.
‎گفتوگۆکان بە چەند بابەتێکی پەیوەست بە گونجاندنی دۆخی دەرچووان لەگەڵ هەندێک بوارو گرنگی پەرەپێدانی داتابەیسێک بۆ کارمەندانی کەرتی گشتی و بەهێزکردنی هاوبەشی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت کۆتایی پێهات.

‎ئەنجومەنی نوێنەران
‎فەرمانگەی ڕاگریاندن
٢٠٢٤/١٠/١٥