لیژنەی ئابوری پەرلەمان میوانداری پارێزگاری بانکی ناوەندی دەکات
لیژنەی ئابوری و پیشەسازی و بازرگانی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار ئەحمەد سەلیم کینانی و ئامادەبوونی ئەندامانی لیژنەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە، میوانداری بەڕێز عەلی موحسین عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق کرد.
لە دیدارێکدا بابەتی بەرزبونەوەی نرخی دۆلارو ئەو میکانیزمانەی کە لە لایەن بانکی ناوەندییەوە گیراوەنهتەبەر بۆ کۆنترۆڵكردنی نرخی ئاڵۆگۆڕی دراو و بابەتی یەدەکی نەختینەیی بانکی ناوەندی گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
ھەر لەسەر ھەمان پرس و لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، لیژنە تاوتوێی بابەتی سەکۆی ئەلیکترۆنی بۆ حەواڵەکردنی دراو کردو دووپاتیکردەوە کەوا لیژنەی ئابوری پەرلەمان پاڵپشتی لە ڕێکارەکانی حکومەت و بانکی ناوەندی دەکات، کە لە دژی ئەوانە گرتوویانەتەبەر کە یاری بە نرخی ئاڵۆگۆڕکردنی دراو دەکەن، لە ھەمان کاتیشدا جەختیکردەوە کە پێویستە ڕەچاوی ئەو پێوەرە نێودەوڵەتییانە بکرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە گیراوەنهتە بەرو پێوەی پابەندە.
لیژنەکە داواشیکرد ھەوڵەکان زیاتر بکرێن بۆ جێگیرکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو و کۆنترۆڵکردنی سنورەکان و بازرگانیکردنی نایاسایی و ئەو کەسانەی یاری بە نرخەکان دهکەن.
ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٠٢٣/٨/١٣