لیژنه ی مافی مرۆڤ پێشوازی له شاندێکی پەرلەمانتارانی نێودەوڵەتی دەکات

لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان بە نوێنەرایەتی سەرۆکی لیژنەکە پەرلەمانتار ئەرشه‌د سالحی و جێگری سەرۆکی لیژنەکە دکتۆر وەحدە جومەیلی، پێشوازی لە شاندی یەکێتی پەرلەمانی نێودەوڵەتی کرد، کە لەلایەن لیژنەی مافەکانی مرۆڤ بۆ پەرلەمانتاران نوێنەرایەتی دەکرێت .
شاندی‌ میوان سەردانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆکی داواکاری گشتی و ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی‌ كرد، بۆ بەهێزکردنی چەمکەکانی مافی مرۆڤ و پاراستنی جێبەجێکردنیان لە کۆمەڵگاکان و پەرلەمان.
هەروەها شاندی نێودەوڵەتی بە نوێنەرایەتی بەڕێز ساموێل کۆگلاتی سەرۆکی لیژنەی مافەکانی مرۆڤی یەکێتی و شاندەکەی لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی کۆمار دکتۆر عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید کۆبوونەوە .
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بەهێزکردنی بنەماکانی بنیاتنانی دیموکراسی و زامنکردن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین و بیروڕا و بەهێزکردنی سەروەری یاسا و دەسەڵاتی دادوەری کرا .
سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە عێراقییەکان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە بە پەرۆشن بۆ دامەزراندنی کلتوورێکی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیی و ڕێزگرتن و پەسەندکردنی ئەوی تر .
لە لایەکی دیکەوە، بەڕێز ساموێل کۆگلاتی خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانیکردنی عێراق و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی کۆمار و ستایشی ڕۆڵی بەڕێزیان کرد لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان .
سەرۆکی لیژنەی مافەکانی مرۆڤی یەکێتی پەرلەمانی نێوده‌وڵه‌تی‌ پشتیوانی یەکێتی بۆ پرۆسەی سیاسی لە عێراق و هەماهەنگی له‌ نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق دووپاتکردەوەو کوگلاتی کاری یەکێتی و هەوڵە بێ ماندوونەبووەکانی بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری بۆ گەلانی جیهان بۆ سەرۆک کۆمار ڕوونکردەوە .

 

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
٢٣ / ٨ / ٢٠٢٣