الأحد, مارس 23, 2025
لجنة العمل ومنظمات المجتمع المدنيلیژنه‌كان

لیژنه‌ی‌ کاری پەرلەمانی لەگەڵ سەرۆکی فیدراسیۆن و سەندیکاکان تاوتوێی پێشنیازەی یاسای ڕێکخستنی سەندیکای کرێکاران دەکات

لیژنەی کار و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پەرلەمان بەسەرۆکایەتیی پەرلەمانتار حوسێن عەرەب جێگری سەرۆکی لیژنەکە و بەئامادەبوونی ژمارەیەک لەئەندامانی لیژنەکە، پانێڵێکیان لەگەڵ سەرۆکی یه‌كێتی‌ و سەندیکاکانی عێراق ئەنجامداو تێیدا پێشنیازنووسی یاسای ڕێکخستنی سەندیکاکانی کرێکاران و ڕوونکردنەوەی تێڕوانینی لیژنەکە سەبارەت بە پڕۆژە یاساکە و دەستەبەرکردنی مافەکانی ئازادییەکانی سەندیکاکانی کرێکاران لەعیراق و مافی ڕێکخستنی سەندیکاکان بەگوێرەی ئەوەی عێراق لەگەڵ ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی واژۆی کردووە .
لەمیانەی سیمینارەکەدا مەرج و ڕێوشوێنەکانی پەیوەست بە دامەزراندنی سەندیکاکان و ماف و ئەرکەکانیان تاوتوێکران، جگە لەئازادی کرێکاران و خاوەنکاران بۆ پێکهێنان و چوونەناو سەندیکاکان، پاش ئەوەی لیژنەکە چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە شارەزایان و بەرپرسانی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی و نوێنەرانی ئەنجومەنی دەوڵەت و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و سکرتاریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران و سەندیکاکان ئەنجامدا، کە لەو ماوەیەدا چوارچێوەی یاسایی بۆ ڕێکخراوی سەندیکاکان داڕێژرا و چۆنیەتی گرتنەخۆی پەیماننامەی ئازادی کۆبوونەوە و پاراستنی مافی ڕێکخستن لە ساڵی 1948 ژمارە 87 کە لە ساڵی 2018 پەسەندکراوە، هەروەها پەیماننامەی ژمارە 98 ی ساڵی 1949 کە لە ساڵی 1962 لەلایەن کۆماری عێراقەوە پەسەندکراوە .
هەروەها مافە بنچینەییەکانی سەندیکاکانی کرێکاران، وەک مافی سەوداگەری بەکۆمەڵ و کۆمیتەکانی ئازادی ڕێکخراوەکان و پاراستن لە جیاکاری دژی ئەندامانی سەندیکاو ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی سەندیکاکان دەبنەوە، لەبەر ڕۆشنایی گۆڕانکارییە ئابووری و سیاسیەکانی بواری پەیوەندییەکانی کار و هەلومەرجی کارکردن، وەک مەودای ئازادییەکانی سەندیکاکانی کرێکاران کە مافی دامەزراندنی سەندیکای کرێکاران هەیە تاوتوێکرا .
له‌لای خۆیەوە پەرلەمانتار حوسێن عەرەب جێگری سەرۆکی لیژنەکە ڕایگەیاند کە ئامانج لە یاسادانانی یاسای ڕێکخراوی سەندیکاکان پاراستنی مافی کرێکارانە بۆ دامەزراندن و چوونەناو سەندیکاکان، بەبێ هیچ فشارێک و جیاکارییەک و هەروەها توانای دانوستاندنیان بۆ سەوداگەری بەکۆمەڵ بۆ باشترکردنی هەلومەرجی کار و بەرەوپێشبردنی ئازادییەکانی سەندیکاکان بەهێز دەکات .
هەروەها گوتی یاساکە هەوڵی دەستەبەرکردنی ئازادی ڕێکخراوەکان دەدات و کرێکاران و خاوەنکارەکان دەتوانن سەربەخۆ خۆیان ڕێکبخەن بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە پیشەیی و کۆمەڵایەتییەکانیان .
دواتر کۆمەڵێک پێشنیار بۆ نوێکردنەوەی یاسای پێشنیارکراو سەبارەت بە رێکخستنی سەندیکای کرێکاران پێشکەش کرا، لەوانە هەموارکردنی هەندێک بڕگە بۆ پابەندبوون بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی کرێکاران و مافەکانی سەندیکاکان .

ئەنجومەنی نوێنەران
فەرمانگەی ڕاگەیاندن
١٥ / ١٠ / ٢٠٢٤