لجنة الزراعةلیژنه‌كان

لیژنه‌ى کشتوکاڵی پەرلەمانی لەگەڵ جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی پۆڵەندا کۆدەبێتەوە

ڕۆژی سێشەممە 3ی کانونی یەکەمی 2024 شاندێکی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار فالح خەزعەلی سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو و زۆنگاوه‌كان لەگەڵ جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی پۆڵەندا بەڕێز پیۆتر کاتۆڤسکی لە بارەگای پەرلەمانی پۆڵەندا کۆبوونەوە.
شاندەکە پێکهاتبوو لە هه‌ریه‌ك له‌ په‌رله‌مانتاران کازم عەتیە شمەری، غەریب ئەحمەد مستەفا و حەیدەر محمد جپیر ئەزیرجاوی، جگە لە بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە پۆڵەندا د.ئەحمەد ئەمین ئەلسەعدی.
سەرەتای کۆبوونەوەکە بە گەشتێک بەناو کۆریدۆرەکانی پەرلەمانی پۆڵەندا دەستیپێکرد، کە تیایدا شاندەکە کورتەیەکى لە میکانیزمی کارکردنی ئەنجومەن و لیژنە پەرلەمانییەکانی، جگە لە پەیڕەوی ناوخۆی و شێوازی ئەنجامدانی دانیشتنەکان و دەنگدان لەسەر یاساکانیان خستەڕوو، لایەنی پۆڵەندی ڕوونیشی کردەوە کە ژمارەی نوێنەرەکانی پەرلەمانی پۆڵەندا ٤٦٠ نوێنەرە، ئەمە جگە لەوەی ١٠٠ نوێنەر لە ئەنجومەنی پیران هەیە.
لە میانی دیدارەکەدا بەڕێز کاتۆڤسکی بەخێرهاتنی شاندی عێراقی کرد و ستایشی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی کرد و پێداچوونەوەی بە دۆخى کەرتی کشتوکاڵی پۆڵەندا و ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە دوو قۆڵییەکان لە بوارەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاودا کرد، ناوبراو هیوای خۆی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانی و کشتوکاڵییەکانی نێوان پۆڵەندا و عێراق دەربڕی.
له‌لای خۆیەوە په‌رله‌مانتار فالح خەزعەلی جەختی لە پەرۆشی عێراق کردەوە بۆ چەسپاندنی هاوکاری لەگەڵ پۆڵەندا لە بوارە جیاجیاکاندا، ئاماژەشی بە دەرفەتە گەورەکانی وەبەرهێنان کرد کە عێراق پێشکەشی دەکات، لە ژێر ڕۆشنایی سەقامگیری ئەمنی و یاسادانان و هاندانی یاساکانی وەبەرهێنان.
هه‌روه‌ها خه‌زعه‌لى پێداچوونەوەی بە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق کرد کە ساڵانە نزیکەی 60 ملیار دۆلارە، داواشی لە کۆمپانیاکانی پۆڵەندا کرد لە کەرتە ئابوورییەکانی عێراق بەتایبەتی کشتوکاڵ و نەوت و خانووبەرە بەشداری بکەن.
هەروەها خەزعەلی ئاماژەی بە بەرهەمە کشتوکاڵییە عێراقییەکان کرد، وەک تەماتە، باینجان، پیاز و خورما، کە دەتوانرێت هەناردەی پۆڵەندا بکرێت، ئەمەش پێگەی عێراقی وەک یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی خورما لە جیهاندا خستووەتەڕوو، بانگهێشتی کۆمپانیاکانی پۆڵەندی کرد، بۆ بەشداریکردن لە پێشانگای کشتوکاڵی کە لە مانگی نیسانی داهاتوو لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقەوە ڕێکدەخرێت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا خەزعەلی داوای کرد باڵیۆزخانەی پۆڵەندا لە بەغدا و کاراکردنی لیژنەی دۆستایەتی عێراق و پۆڵەندا، هاوکات ئاسانکاری پێویست بە بازرگانان و وەبەرهێنەرانی هەردوولا درا.
ناوبراو هیوای خۆی دەربڕی کە ئەم سەردانە سەرەتای سەردانە هاوبەشەکان بێت بە ئامانجی پتەوکردنی هاوکاری دووقۆڵی لە بوارە جیاجیاکاندا.

فه‌رمانگه‌ى ڕاگەیاندن
ئەنجومەنی نوێنەران
3/12/2024