له‌میانی دیداری له‌گه‌ڵ وه‌زیری كاره‌با.. زاملی ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ یاسای ئاسایشی خۆراك فه‌راهه‌می سه‌رجه‌م بڕه‌ پاره‌ی‌ پێویست بۆ پێداویستییه‌كانی كه‌رتی كاره‌با ده‌كات

ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ 6ـی حوزه‌یرانی 2022 له‌ نوسینگه‌ی‌ خۆی، به‌ڕێز حاكم زاملی، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پێشوازیكرد له‌ به‌ڕێز عادل كه‌ریم، وه‌زیری كاره‌با به‌ ئاماده‌بونی به‌ڕێز حه‌سه‌ن عه‌زاری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی سه‌در و ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانی به‌ڕێز.

زاملی وتی، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پێداگره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌ بڕگه‌یه‌كی یاسای ئاسایشی خۆراكدا، بڕی 4 تریلیۆن دینار بۆ وه‌زاره‌تی كاره‌با دابین بكات تا بتوانێت شایسته‌ داراییه‌كانی بدات و غازی پێ هاورده‌ بكات به‌ مه‌به‌ستی به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ توانای به‌رهه‌مهێنان و زیادكردنی وزه‌ی‌ كاره‌با بۆ هاوڵاتیان له‌ رۆژانی گه‌رمی هاویندا.

جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ته‌ئكیدی له‌وه‌كرده‌وه‌، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، داوا له‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌كات پاراستنی تاوه‌ره‌كانی كاره‌با توند بكه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی تیرۆر و چه‌ند لایه‌نێكی تری سودمه‌ند، روبه‌ڕوی تێكدان ده‌بونه‌وه‌.

داواشیكرد له‌ كادیرانی وه‌زاره‌تی كاره‌با، سه‌قامگیری له‌ سیسته‌می نیشتمانی بهێننه‌ ئاراو ده‌سته‌به‌ری كاره‌با بۆ سه‌رجه‌م وڵات بكه‌ن.

نوسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران
2022/6/6