‎شاندی لیژنەی شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانی سیاسی سەردانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ده‌كات

‎شاندی لیژنەی شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانی سیاسی بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار حەسەن سالم سەرۆکی لیژنەکە و ئامادەبوونی پەرلەمانتار شوان محەمەد ڕۆستەم، جێگری سەرۆکی لیژنە و هه‌ریه‌ك له‌ ئەندامانی لیژنەکە، شێروان دۆبەردانی و حوسێن ئەلبه‌تات و چرۆ حەمەو زوحا هاشم ئەلقه‌سیرو عەبدولئەمیر ئەلمەیاحی، سەردانی بارەگای وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق کرد.
‎لیژنەکە چاویكه‌وت به‌ وەزیری کاروباری شەهیدان و قوربانیانی ئەنفال، بەڕێز عەبدوڵا حاجی مەحمود، بە ئامادەبوونی بەڕێز فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایه‌تی‌ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداو تاوتوێی‌ بابه‌تی‌ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان لیژنەی شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانی سیاسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان کرد.
‎لە کۆبوونەوەکەدا پوختەیەك سەبارەت بە کارەکانی وەزارەت و ئەو ماف و ئیمتیازاتانەی کە بە بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و کەسوکاری قوربانیانی جینۆساید لێی سودمەندن پێشكەش بە شاندەكە كرا، بەتایبەتی قوربانیانی کیمیاباران و هەڵمەتی ئەنفال کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دژی گەلی کورد ئەنجام دراون، هەروەها دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی پەیوەست بە مافی بنەماڵەی شەهیدان و زیندانییە سیاسییەکان لە نێوان حکومەتە فیدراڵییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان.

‎ئەنجومەنی نوێنەران
‎فەرمانگەی راگەیاندن
٢٠٢٤/٥/٦