سه‌رۆكسه‌رۆكایه‌تی‌مثبت

سەرۆکی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران پێشوازی لە باڵیۆزی تورکیا دەکات بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات

ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دکتۆر مەحمود مەشهەدانی، پێشوازی لە بەڕێز ئەنیل بۆرا ئینان باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا کرد، بۆ تاوتوێکردنی کۆمەڵێک دۆسیه‌ی‌ بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات.
لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و تورکیا تاوتوێ کرا، هەروەها ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی هاریکاری لە بوارەکانی ئەمنی و ئابووری، به‌تایبه‌تی‌ دۆسیه‌ی‌ ئاو کە یەکێکە لە پرسە هەرە گرنگەکانی نێوان هەردوولا.
هەروەها لە دیدارەکەدا باس لە پێشهاتەکانی ڕووداوەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانیان لە سەر سەقامگیری هەردوو وڵات کراو هه‌ردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگیی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ناوچەکە کردەوە.
دکتۆر مەشهەدانی خواستی خۆی پێشاندا بۆ پتەوکردنی هاوبەشی نێوان عێراق و تورکیا، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل بکات و جەختی لە گرنگی گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان کردەوە، بەتایبەتی سەبارەت بەو ڕێککەوتنانەی لە نێوان هەردوو وڵات ئەنجامدراون .

نوسینگەی ڕاگەیاندن
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران
٧ی ژانویەی ٢٠٢٥