سەرۆکایه‌تیه‌كان کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران محەمەد حەلبووسی ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی تەممووزی 2023 لە بارەگای سەرەکی خۆی میوانداری کۆبوونەوەیەکی کرد کە تیایدا سەرۆک کۆمار دکتۆر عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێز محەمەد شەیاع سودانی و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دادوەر فایەق زەیدان لەخۆگرتبوو بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی گشتی وڵات و ژمارەیەک دۆسیەی گرنگ.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکایەتییەکان سەرکۆنەی خراپ بەکارهێنان و مۆڵەتی بە مەبەستی دەسەڵاتدارانی سویدیان کرد بۆ سوکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆزو ئاڵای عێراق، هەروەها بەشداربووانی کۆبونەوەکە پشتیوانی خۆیان بۆ هەنگاوە تایبەتەکانی حکومەت دەربڕی بۆ بڕینی پەیوەندییەکان لەگەڵ سوید یان لەگەڵ هەر وڵاتێک کە ڕێز لە پیرۆزییەکانی موسڵمانان نەگرێت یان پشتیوانیکردن لە هەر ڕێوشوێنێک کە سوکایەتی بە پیرۆزییەکان و ئایینەکان بکات و لە هەمان کاتدا جەختیان کردەوە لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی نێردە دیبلۆماسیه‌کان.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆسیەی یاسای بودجەی فیدراڵی کرا کە پێویستە ڕێنماییەکانی تەواوبکرێن و بەدواداچوون بکرێت بۆ پڕۆژەکان لەگەڵ ڕەچاوکردنی کوالێتی و خەرجکردنی پارە بەپێی ئەولەویەتەکان و جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت، سەبارەت بە هەرێم لەکۆبوونەوەکەدا جەختکرایەوە
لەسەر جێبەجێکردنی ماددەکانی یاسای گشتی بودجەی فیدراڵی بە هەموو ئەو وردەکارییانەوە کە پەیوەستە بە داهاتی نەوت و نا نەوت و خەرجکردنی مافەکانی.
هەروەها سەرۆکایەتیەکان جەختیان کردەوە لەسەر پێویستی دانانی ئەو یاسایانەی کە بەرنامەی حکومەت لەخۆ دەگرێت لەگەڵ ئەو ڕەشنوسی ڕێککەوتنە کە هێزە سیاسیەکان ڕێککەوتنیان لەسەریکردوە، لەوانە یاسای لێبوردنی گشتی لەگەڵ یاسای نەوت و گاز و یاسای ئەنجومەنی فیدراسیۆن، لەگەڵ ژمارەیەک لە پڕۆژە یاساکان کە لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە تەواوکراون و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران کراون، لەوانە یاسای دەستەی باڵا بۆ تواناسازی ژنان، و یاسای گەڕانەوەی پارەی عێراق و یاسای مادە هۆشبەرەکان.
سەبارەت بە پرسی ئاو لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوەدا بەدواداچوون بکرێت، جگە لە پێویستی دانانی یاسای ئەنجومەنی باڵای ئاو.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا جەختکرایەوە لە سەر پێویستی هەماهەنگی و ڕێککەوتن لە نێوان دەسەڵاتداران بۆ هەموو پرسەکان.